نوێنەری ڤلادیمیر پوتین سەرکۆماری رووسیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی هه‌رێم كۆدەبێتەوە.
بڕیارە سبه‌ی یه‌كی دیسه‌مبه‌ر، میخائیل بۆ‌گدانۆڤ، نوێنەری تایبەتیی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، سەردانی هەولێر بکات.
به‌پێی زانیارییه‌كان لەو سەردانەیدا میخائیل بۆگدانۆف لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێته‌وه.
پەیوەندییەکانی ھەولێر و مۆسکۆ و زیاتر پێشخستنیان، هه‌روه‌ها پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان ته‌وه‌ری سه‌ردانه‌كه‌ی نوێنەری سه‌رۆكی روسیا بۆ هه‌ولێر ده‌بێت.
هه‌روه‌ها میخائیل بۆ‌گدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی پرسەکانی وزه، پرۆژەکانی کۆمپانیا گەورەکانی رووس نه‌فت و گازپرۆمی رووسی کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن ده‌كات.