وەزارەتی تەندروستی عیراق : تاوەكو ئێستا نەوەی ئۆمیكرۆنی كۆرۆنا نەگەیشتووەتە عیراق

وەزارەتی تەندروستی عیراق جەخت لەوە دەكاتەوە، تاوەكو ئێستا نەوەی ئۆمیكرۆنی كۆرۆنا نەگەیشتووەتە عیراق، بەڵام ئەگەری هەیە بگات، تاوەكو ئێستاش هیچ بەڵگەیەك نییە كە ڤاكسینەكان دژی ئەو نەوەیە كار نەكەن.


روبا فەلاح ئەندامی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، لە رێگەی بەدواداچوونەكانەوە ئەوە دەركەوتووە ئەو كەسانەی تووشی نەوەی ئۆمیكرۆنی كۆرۆنا بوون نەخۆشیەكە توندتر نەبووە لەسەریان و بارودۆخیان جێگیرە.


رونیشیكردووەتەوە، بەردەوامن لە بەدواداچوون رووداوەكان و هیچ زانیارییەك نییە سەبارەت بە رێژەی خێرایی گواستنەوەی و مەترسییەكەی، هەروەها زۆرینەی ئەو ڤاكسینانەی هەن دژی زۆرینەی نەوەكانی كۆرۆنا كار دەكەن.


ئەندامەكەی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق وتوشیەتی، تاوەكو ئێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەك نییە بیسەلمێنێت ڤاكسینەكان دژی ئۆمیكرۆن كار ناكەن، هەروەها ئەو نەوەیە نەگەیشتووەتە عیراق بەڵام ئەگەری هەیە بگات، كار دەكەین بۆ رێگەگرتن لێی یاخود دواخستنی بڵاوبونەوەی.

پەیوەندیدار