ئایدز چییە؟ هه‌شت هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌باره‌ی ئایدزەوە

رۆژی ١ی 12ی هەموو ساڵێک وەکوو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز دەستنیشانکراوە، ئایدز ئەو نەخۆشییە ترسناکەی گوازراوەیەی کە بە بێدەنگی خۆی سمییە نێو مرۆڤایەتی و لە کاتی دەستنیشانکردنیەوە تا ئێستا زیاتر لە سی و پێنج ملیۆن کەسی کردۆتە قوربانی.

ئایدز چییە؟
ئایدز، نەخۆشییەكی درێژخایەن و ترسناكە، بەهۆی ڤایرۆسی كەمی بەرگری لەش(HIV) روودەدات و بەدوا قۆناغی هەوكردنی ڤایرۆسەكە دادەنرێت كە تێیدا نەخۆشەكە كۆمەڵێك نیشانەی كلینیكی تایبەت و جیاكەرەوەی لێ بەدیار دەكەوێت. كەواتە بەتەنیا توشبوون بەڤایرۆسی كەمی بەرگری لەش مانای ئەیدز نییە، بەڵكو ئەیدز واتە كۆنیشانەی دەستكەوتوو بەهۆی كەمی بەرگری لەش. تاكو ئێستا ئایدز زیاتر لە 39 ملیۆن كەسی كوشتووە، ئەوەی مەترسیدارترە ناهۆشیاریی خەڵكە لەبارەی ئەم نەخۆشییە، چونكە ناهۆشیاری رێگەی سەرەكی گواستنەوەیەتی.

  • هه‌شت هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌باره‌ی ئایدز:

ئایدز لەو نەخۆشییانەیە كە جێگای بایەخپێدانی گەورەی نێوەندە تەندروستییە نێودەوڵەتییەكانە، بەڵام لەلای زۆركەس تەواو روون نییە و پرسیار و گومان زۆرە لەسەری.

1-هەڵە: كە تووشی ئەم نەخۆشییە بوویت، خێرا هەست بە نیشانەكانی دەكەیت
راست: لەوانەیە چەندین ساڵ تێپەڕببن تاكو هەست بە نیشانەكانی ئایدز بكەی. واتە ساڵانێك ڤایرۆسەكەت هەڵگرتووە و دەكرێ بۆ خەڵكیشی بگوازیتەوە، بێئەوەی هەست بە هیچ بكەی. تێكڕا 8-10 ساڵی دەوێت تاكو نیشانە روون و ئاشكراكانی ئەم نەخۆشییە دەردەكەون. بۆیە ئەو كەسانەی لە دەرەوەی بازنەی خێزان و لەگەڵ چەند كەسێك سێكس دەكەن، زۆر پێویستە ماوە ماوە پشكنینی ئایدز بكەن. هەروەك بەكارهێنانی كۆندۆم بۆ ئەو كەسانە گرنگە، چونكە كۆندۆم ئەگەری وەرگرتن و گواستنەوەی ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز كەمدەكاتەوە.

2-هەڵە: ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەكە بوویت، پێویست بە بەكارهێنانی دەرمان ناكات تاكو نیشانەكان دەردەكەون
راست: نوێترین رێنمایی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێت ئەوانەش كە تازە تووشبوون و هیچ نیشانەیەكیان نییە، دەبێت دەرمانی دژە ئایدز بخۆن تاكو كۆئەندامی بەرگرییان بپارێزن. دەرمانەكەش بریتییە لە حەبێك كە هەموو رۆژێك دەخورێت و دەبێتەهۆی سەركوتكردنی ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز لە جەستەدا.
زوو دەستكردن بە بەكارهێنانی دەرمان، ژیانی تووشبووان باشدەكات و ئەگەر كارابێت لە جەستەیاندا ئەوە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی دیكە بە بڕی 96% كەمدەكاتەوە.

3-هەڵە: چیتر پێویست ناكات لەبارەی ئایدز نیگەران بین
راست: راستە لە دەیەكانی رابردوو سەركەوتنی گەورە بەدەستهاتوون لە شەڕی دژە-ئایدز، بەڵام نابێ ئەمە وامان لێبكات بێخەم بین لەبارەی ئەو نەخۆشییە.
ساڵی رابردوو ملیۆنێك و دووسه‌د هه‌زار كەس بە ئایدز مردوون و رۆژانە 600 منداڵ تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، ئایا ئەمە ژمارەیەكی بچووكە؟
بۆیە دەبێت لە هەموو ئاستەكاندا خەمی رێگری لەم نەخۆشییە بخورێت.

4-هەڵە: ئەگەر ژنێكی دووگیان ئەم نەخۆشییەی گرت، سەدا سەد منداڵەكەشی تووشدەكات
راست: ئەگەر خانمێكی دووگیان تووشی ئایدز هات و هیچ دەرمانێكیشی نەخوارد، ئەوە ئەگەری تووشبوونی منداڵەكەی بەم نەخۆشییە بریتیە لە 25-33%.
بەڵام ئەگەر ژنێكی دووگیانی هەڵگری ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز دەرمانی دژی ڤایرۆسەكە بە رێكوپێكی بەكاربهێنێت، ئەگەری گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ منداڵەكەی دادەبەزێت بۆ 1%.
لە پیاوانی تووشبوودا، ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز لە شلەی چواردەوری تۆوەكەدایە، نەوەك نێو تۆوەكان. بۆیە ئەگەر پیاوێكی تووشبووی ئایدز ویستی منداڵی هەبێت، بە تەكنیكێكی ورد سپێرمەكانی جیادەكرێنەوە و هێلكەی ئەو خانمەی پێدەپیتێنرێ كە خوازیارن پێكەوە منداڵ درووستبكەن. ئەم رێگەیە تا رادەیەكی زۆر بەرز گواستنەوەی ڤایرۆسەكە كەمدەكاتەوە، بەڵام ناتوانین بڵێین سەداسەد بێ مەترسییە.

5-هەڵە:ئایدز بە تاتۆ و خاڵكوتان ناگوازرێتەوە
راست: ڤایرۆسی ئایدز لە خوێندا هەیە، بۆیە هەر شتێك بەر خوێن بكەوێت دەتوانێت بیگوازێتەوە، لەوانە دەرزی.
خاڵكوتان و تاتۆكردنیش تەكنیكی كونكردنی پێست و بەركەوتنی مولولە خوێنەكانن، بۆیە بەكارهێنانی دەرزی بۆ كەسێكی تووشبوو، دەبێتەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەكە بەر دەرزییەكە بكەوێ، كاتێك ئەو دەرزییە بەكاردێ بۆ كونكردنی پێستی كەسێكی تەندروست، ڤایرۆسەكەی بۆ دەگوازێتەوە.
بۆیە هەر شتێك پێست بریندار بكات، وەكو دەرزی و گوێزان و هاوشێوەكانیان دەبێ سەفەری بن و تەنیا بۆ یەك كەس بەكاربهێنرێن.

6-هەڵە: تووشبوون بە ئایدز، وەك سزای لەسێدارەدانە
راست: راستە تاكو ئێستا نە دەرمانێك هەیە نەخۆشیی ئایدز بنەبڕبكات بە یەكجاریی، نە پێكوتەیەك هەیە رێگری لە تووشبوون بەو نەخۆشییە بكات. بەڵام ئەو دەرمانانه‌ی ئێستا هەن زۆر كاران لە كۆنترۆڵكردنی گەشەی ڤایرۆسەكە و باشكردنی كواڵیتی ژیانی كەسانی تووشبوو.
دەرمانەكانی ئێستا دەبنەهۆی كەمكردنەوەیەكی بەرچاوی ژمارەی ڤایرۆسەكان لە خوێنی كەسانی تووشبوودا. 95%ی ئەوانەی دەرمانەكانیان بەو شێوەیەی بۆیان دیاریكراوە دەخۆن، ژیانێكی ئاسایی یان نزیكەی ئاساییان دەبێت و تەمەنیشیان تاڕادەیەك نزیكە لە تەمەنی كەسانی ئاسایی و وەك جاران نییە هەر زوو بمرن.

7- هەڵە: HIV و ئایدز هەمان شتن
راست: HIV ئەو ڤایرۆسەیە كە دەبێتەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز. هەندێكجار كەسەكە ڤایرۆسەكەی تێدایە بەڵام تووشی نەخۆشیی ئایدز نەبووە. تەنانەت هەندێك كەس كە ڤایرۆسەكەیان تێدایە، ئەگەر دەرمانەكانیان بەو شێوەیەی بۆیان دیاریكراوە بخۆن، ئەوە هەرگیز تووشی ئایدز نابن و ڤایرۆسەكە هەمیشە بە متبوویی و ناچلاكیی دەمێنێتەوە. بە كورتی ئایدز كاتێك روودەدات كە كۆئەندامی بەرگری لە شەڕە بەردەوامەكەیدا لەگەڵ ڤایرۆسی HIV دەبەزێت و شكستدێنێ و ئیدی نیشانەكانی نەخۆشیی ئایدز لە كەسەكەدا دەردەكەون. خواردنی دەرمانەكان، ڤایرۆسەكە لاواز و سەركوت دەكات و ئەوەش یاریدەدەری كۆئەندامی بەرگری دەبێت تا نەبەزێت و كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات.

8-هەڵە: ئەوەی تووشی ئایدز بوو ئیدی تەمەنكورت دەبێ:
راست: ئەگەر هەر زوو لە رێگەی پشكنینەوە نەخۆشییەكە دەستنیشان بكرێ و كەسەكە دەرمانەكانی بخوات، ئەوە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ژیانێكی ئاسایی بەڕێدەكات و رەنگە هەرگیز تووشی نیشانەكانی نەخۆشییەكە نەبێت.
ئەو پێشبینییە نەرێنییە بۆ ئایدز بۆ ساڵانی رابردوو رەنگە راست بووبێت. لە ساڵی 1985 هیچ چارەسەرێك بۆ ئایدز بوونی نەبوو، ساڵی 1995 تەنیا یەك ماددەی دژە ئایدز هەبوو، ساڵی 2005 حەبێكی نوێ داهێنرا كە سێ ماددەی تێدایە و زۆر كاراترە لەوەی پێشوو، ئەمساڵیش پلان هەیە چارەسەرەكە بكرێتە دەرزییەیك كە كەسەكە 2-3 مانگ جارێك لەخۆی دەدات. پرۆگرامی درێژخایەنیش نەهێشتنی تەواوەتی ئایدزە لە چەند دەیەی داهاتوودا.

پەیوەندیدار