د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ 69 توشبوی نەخۆشی ئایدز تۆمارکراون کە 58یان بیانی بون و 11 توشبوی دیکەش خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بون.
د.سامان بەرزنجی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، وەزارەتەکەیان چەندین رێکاری بۆ پشکنین و دیاریکردنی نەخۆشی نەمانی بەرگری جەستە “HIV” گرتوەتەبەر کە بەدرێژایی کات دەبێت بە نەخۆشی ئایدز، لەوانەش پشکنینی خوێن سەرجەم ئەو بیانیانەی دێنە هەرێمی کوردستان، پشکنینی خوێن بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن، ئەوان خوێند دەبەخشن یان وەردەگرن لەگەڵ ئەوانەی لە هۆتێل دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوشکرد، دۆزینەوە حاڵەتەکانی توشبوی ئایدز پرۆسەیەکی چالاکە لەهەرێمی کوردستان و لەگەڵ رێکارەکانی خۆپارێزی بەرەوپێشچونیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان تائێستا چارەسەری تەواوەتی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕو، لەساڵی 2021دا لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی هەرێمدا 318 هەزار پشکنین بۆ دیاریکردنی نەخۆشی نەمانی بەرگری جەستە “HIV” کراوە، لەو ژمارەیەش 69 توشبو پۆزەتیڤ بون کە 58یان بیانی بون و 11 توشبوی دیکەش خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بون، هەروەها لەم کاتەدا 48 توشبوی نەخۆشییەکە لەکوردستان هەن کە بەبەردەوامی چاودێری دەکرێن.