لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرەی لە شەوی رابردوودا، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا قسەی لەبارەی ئابوورییەوە کردووە و بووەتە هۆکاری دابەزینی زیاتری نرخی لیرە.
ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە هەژماری تویتەری خۆیدا لەبارەی کاریگەریی گوتەکانی ئەردۆغان لەسەر بەهای لیرە نووسیویەتی، “هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکەوتنی بەڕێز سەرۆککۆمار لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکان، بەهای دۆلار 13 لیرەی تێپەڕاند. لەگەڵ قسەکردنی بەرزبووەوە بۆ 14 لیرە. ئەم قسەکردنە وەکو هێرشێک بوو بۆ سەر بەهای لیرە. لە رێی خوا ئیدی قسە مەکە!”
فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تویتێکدا نووسیویەتی، “ئەو بەرنامەیەی لەگەڵ ئەردۆغان کرا، وایکرد لە دوو کاتژمێردا قەرزی دەرەکیی تورکیا 192 ملیار لیرەی بچێتە سەر. هەر گوتوومە؛ پزیشکی ساختە، کار لە گیانت دەکات، مامۆستای ئایینیی ساختە کار لە ئیمانت دەکات، ئابووریناسی ساختەش پارەکەت لێ دەکاتە زبڵ”.
لەلایەکی دیکەوە بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا، هەر لە یەکەمین رۆژەکانەوە کە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، “تیۆری ئێمە لە ئابووریدا بۆ رێژەی سوودی کەم و هەڵاوسانی کەم بووە”؛ لەوەشدا وەکو خۆی دەڵێت، هەمیشە وا مامەڵەیان کردووە کە “رێژەی سوود هۆیە، هەڵاوسان ئەنجامەکەیەتی”، دەشڵێت، هەندێک کەس مشتومڕی پێچەوانە دەکەن و دەڵێن، هەڵاوسان هۆکارە و رێژەی سوود ئەنجامەکەیەتی، بەو کەسانەش دەڵێت، “وەرن با سەیرێکی جیهان بکەین؛ لەو جیهانەی کە ئێستا ئابووریی جیهانی تێیدا زاڵە؛ دەپرسم ئایا هەڵاوسان هۆکارە و ئەنجامەکەی رێژەی سوودە، یان رێژەی سوود هۆکارە و ئەنجامەکەی هەڵاوسانە؟”
ئۆزگور ئۆزەل، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ریگەیاند، “لەکاتێکدا تورکیا رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی مێژوویی بووەتەوە، پارتی دەسەڵات وەک بڵێی هیچ قەیرانێک جێی باس نەبێ، وەها رەفتار دەکات”.
هەروەها ئەرهان ئوستا، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە توویتێکدا بە توانجەوە باس لەو بەرنامەیە دەکات و دەڵێ، ” سەرۆککۆمار بە بەرهەمی ئەو گوتانەی پێشکێشیکردن، کێشەی ئەو فەرمانبەرانی چارەسەرکرد کە دەیانەوێ زووتر خانەنشین ببن”.
دابەزینی بەهای لیرە لە مانگی رابردوودا
3-11-2021: دۆلارێک بەرامبەر 9.64 لیرە
9-11-2021: دۆلارێک بەرامبەر 9.73 لیرە
15-11-2021: دۆلارێک بەرامبەر 10.06 لیرە
22-11-2021: دۆلارێک بەرامبەر 11.38 لیرە
25-11-2021: دۆلارێک بەرامبەر 12 لیرە
28-11-2021: دۆلارێک بەرامبەر 12.36 لیرە
30-11-2021: دۆلارێک بەرامبەر 13 لیرە