لە ئەڵمانیا تاوانبارێکی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەكان سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرا

دادگەیەکی ئەڵمانیا ئەندامێکی پێشووی رێکخراوی داعشی بە تاوانی جینۆساید و مرۆیی بەهۆی کوشتنی کچە کوردێکی پێنج ساڵانی ئێزدی لە ساڵی 2015 بە زیندانی هەتاهەتایی، سزادا.
سزاکە لەلایەن دادگەی شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە رۆژی سێشەممە 30-11-2021 دەرچوو، ئەمەش یەکەمجارە لە جیهاندا دادگەیەک بڕیار دەدات لەبارەی تاوانبارێکی رێکخراوی داعش کە رۆڵی هەبووە لە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی.
لە کاتی دادگاییەکەدا، پرۆسەکە بۆ ماوەیەکی کاتی وەستێندرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکە لە کاتی خوێندنەوەی بڕیاری دادگە و سزاکەیدا، لەهۆش خۆی چوو.
ئەو چەکدارەی گروپی چەکداری داعش تۆمەتبارە بە بەکۆیلەکردنی منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لە ساڵی ٢٠١٥دا، دواتریش زیندانیکردن و جێهشتنی تا ئەوکاتەی کە بەهۆی برسێتیی و تینوێتییەوە گیانی لەدەستداوە.
تەها جومەیلی یەکەم چەکداری گروپی چەکداری داعشە کە دان بە تاوانی ئەنجامدانی جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکاندا بنێت.
تەها جومەیلی، تەمەنی ٢٩ ساڵانە، لە ساڵی ٢٠١٣دا پەیوەندی بە گروپی چەکداری داعشەوە کردووە و چەندین رۆڵی جیاجیای لەنێو ئەو رێکخراوەدا هەبووە لە پایتەختی گروپەکە شاری رەقە و عێراقیش.
لە ساڵی ٢٠١٩دا، لە یۆنان دەستگیرکرا و دواتر لەژێر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی تایبەت بە کەیسی تیرۆر رەوانەی ئەڵمانیا کرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەناوبراو.
مانگی رابردووش، ژنە ئەڵمانییەکەی تەها بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بێدەنگبوونی لە بەرامبەر بەکۆیلەکردن و دواتر مردنی کچێکی منداڵی ئێزیدییەوە، کە لەلایەن تەهای هاوسەرییەوە دەستبەسەر کرابوو بە ١٠ ساڵ زیندانی سزادرا.

وردەکاریی کەیسەکە چییە؟

رۆژی سێشەممە 30-11-2021 بۆ یەکەمجار، دادگاییەک لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا کۆتاییهات کە تێیدا ئەندامێکی رێکخراوی داعش بە تۆمەتی “جینۆسایدی کوردانی ئێزدی” دادگایی کرا. ئەمەش یەکەم جارە ئەندامێکی داعش بەو تۆمەتە دادگەیی بکرێت. تاوانبارەکە ئەندامێکی رێکخراوی داعش بوو بە ناوی تەها جومەیلی، کە خەڵکی عێراق بوو.
داواکارانی گشتی دەڵێن، تەها جومەیلی، کە ئەندامی پێشووی رێکخراوی داعش بووە، کچێکی کوردی ئێزدی و دایکی بە کۆیلە کردووە، لە ساڵی 2015 کچە پێنج ساڵانەکەی ئەشکەنجە داوە و کوشتوویەتی.
ناتیا ناڤرۆوزۆڤ، بەڕێوەبەری پاڵپشتیی یاسایی لە رێکخراوی یەزدا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەگەر دادگەی فرانکفۆرت بگاتە ئەو ئەنجامەی تەها جومەیلی جینۆسایدی کردووە، ئەوا ئەمە دەبێتە یەکەم جار کە دادگەیەک دەڵێت، تاوانەکانی دژی کوردانی ئێزدی جینۆسایدە.
هەرچەندە ئەو تاوانانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو “تاوانی نزیک لە ئاستی جینۆساید” ناسێندراوە، هەروەها چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی و نیشتمانیی وڵاتانیش؛ بەڵام تاوەکو ئێستا رووینەداوە دادگەیەک بڵێت، ئەوەی روویدا بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی، جینۆسایدە.
بەڕێوەبەری پاڵپشتیی یاسایی لە رێکخراوی یەزدا، کە کار لەسەر تاوانەکانی دژی کوردانی ئێزدی دەکات، دەڵێت، “شتێکی مەزن دەبێت بۆ قوربانییەکان. حەوت ساڵە چاوەڕێی ئەمە دەکەن، بۆیە ئەمە قۆناخێکی گرنگ دەبێت بۆ ئێمە”.

تەها جومەیلی بە چی تۆمەتبار کرابوو؟

تەها جومەیلی هاووڵاتییەکی عێراقییە و لە ساڵی 2013 پەیوەندیی بە رێکخراوی داعشەوە کردووە، خۆی و هاوژینەکەی، جێنیفەر فێنیچ، کە هاووڵاتیی ئەڵمانیایە، هەردووکیان ئەندامی حیسبەی داعش بوون، کە دەزگایەکی ئەمنیی داعش بوو و کاری سەپاندنی بڕیار و “شەریعەتەکانی ئیسلامی” دەکرد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێن، تەها جومەیلی و جێنیفەر فێنیچی هاوژینی، ژنێکی کوردی ئێزدی و کچە پێنج ساڵانەکەیان کڕیوە، وەکو کۆیلەی نێوماڵ لە موسڵ لە ساڵی 2015 بەکاریانهێناوە.
تەها جومەیلی گومانی لێدەکرێت رێگریی کردبێت لەو دایک و کچە کە سرووشتە ئایینییەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن و بە زۆرەملێ کردوویانی بە موسڵمان.
پارێزەرانی کەیسەکە دەڵێن، ئەو دایک و کچە “رۆژانە رووبەڕووی لێدان بوونەتەوە”.
رۆژێکیان، دوای ئەوەی منداڵە کچەکە نەخۆش دەکەوێت و میز بەخۆیدا دەکات و دۆشەکەکەی تەڕ دەکات، تەها جومەیلی وەکو سزایەک کچەکە لە دەرەوە دەبەستێتەوە و لەبەردەم تیشکی خۆردا جێی دەهێڵێت تاوەکو گیان لەدەستدەدات، ئەمەش بە گوتەی داواکاری گشتی.
ناتیا ناڤرۆوزۆڤ، بەڕێوەبەری پاڵپشتیی یاسایی لە رێکخراوی یەزدا بە یۆرۆنیوزی راگەیاندووە، کچەکە بەهۆی گەرما، تینوێتی و بەدخۆراکییەوە گیانی لەدەستداوە.
“ئەو کچە بە گشتی لاواز بوو” ناڤرۆوزۆڤ دەڵێت، “دایکەکەش لەوێ بوو، ئەوەی بە چاوی خۆی بینی”.
دایکی ئەو کچە، شایەتحاڵی سەرەکی بوو لە کەیسەکەدا، کە لەلایەن پارێزەران، ئەمەل کلوونی و ناتالی ڤۆن ڤیستینهاوزن، لە دادگە نوێنەرایەتی دەکرێت.
هاوژینی تەها جومەیلی، جێنیفەر فێنیچ، بەم دواییانە لە دادگەیەکی جیاواز لە شاری میونشنی ئەڵمانیا تاوانبار کرا بەوەی هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ رێگریکردن لە مردنی ئەو منداڵە، سەرەڕای ئەوەی ئاگاداری ئەو کارەی هاوژینەکەی بووە و بە بەرچاویەوە روویداوە.
تەها جومەیلی لە مایسی 2019 لە یۆنان دەستگیرکرا، کاتێک هەوڵی دەدا مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنێت.
لە سەرەتای ساڵی 2020، تۆمەتنامە ئاراستەی تەها جومەیلی کرا و رووبەڕووی تاوانی ئەنجامدانی جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی، کوشتن، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی کرایەوە. دادگاییکردنی لە نیسانی 2020 دەستیپێکرد.

ئێزیدییەکان؛ نیشتەجێی عێراق و هەرێمی کوردستانن بە کوردی قسە دەکەن و ئایینی ئێزیدی ئایینی فەرمییانە، لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێک گروپی چەکداری داعش پانتاییەکی بەرفراوانیان لە رووبەری هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق کۆنتڕۆڵکرد، دواتر و لە هەمان ساڵدا هێرشیان کردە سەر قەزای شەنگال کە زۆرینەی ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێن و “کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی” ئەنجامدا.
لە ئەنجامی پەلامارەکەی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە سێ هەزار ئێزیدی کوژراون و نزیکەی شەش هەزاری دیکەش دەستبەسەرکراون.
پێشتر، ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، “داعش جینۆساید و چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامداوە.”

پەیوەندیدار