وەزیری دارایی تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە

ئاژانسی هەواڵی ئەنادوڵوی تورکیا بڵاویکردەوە، لوتفی ئیلفان وەزیری دارایی تورکیا دەستیلەکارکێشایەوە و رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیاش دەستلەکارکێشانەوەی پەسەندکردوە، ئەو گۆڕانکارییەش لەکاتێکدایە لیرەی تورکی لەسەرەتای ئەمساڵەوە 45%ی بەهاکەی لەدەستداوە

ئاژانسەکە لەهەواڵێکدا باسی لەوەشكردوە، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاریداوە نورەدین نبتی وەک وەزیری دارایی تورکیا دیاریبکرێت کە لەئێستادا پۆستەکەی بریکاری وەزیری داراییە.

بە وتەی سەرۆک کۆماری تورکیا هەر لە یەکەمین رۆژەکانەوە کە دەسەڵاتیان گرتوەتە دەست، “تیۆری ئێمە لە ئابوریدا بۆ رێژەی سودی کەم و هەڵاوسانی کەم بوە”، لەوەشدا وەکو خۆی دەڵێت، هەمیشە وا مامەڵەیان کردوە کە “رێژەی سود هۆیە، هەڵاوسان ئەنجامەکەیەتی”.

لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە لە شەوی رابردودا، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا قسەی لەبارەی ئابورییەوە کردوە و بوەتە هۆکاری دابەزینی زیاتری نرخی لیرە.

لەئێستادا بەهای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاستی مێژویی دابەزیوە و یەک دۆلار بەرامبەرە بە 14 لیرە، هەروەها ئاستی هەڵاوسان لە 20% نزیک بوەتەوە.

پەیوەندیدار