حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

بەداخەوە، كاتژمێر 10ی شەوی 2ی كانوونی یەكەمی 2021، تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخیان دا، لەم پەلامارە وەحشیانەدا وەك سروشتی خۆیان كوێرانەو دڕندانە كەوتنە دەستڕێژیكردن لە خەڵكی سڤیلی گوندەكە، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەكیش بریندار بوون، لەگەڵ بەهاناوە هاتنی پێشمەرگە قارەمانەكانیش بەداخەوە پۆلێك پێشمەرگەی كوردستان گەیشتنە كاروانی نەمران.

ماوەیەكە پەلاماردانی داعش بۆ سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە زیادی كردووە، لە گەرمەسێرو ناوچەی كوڵەجۆش پۆلێك پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون. پەلاماری ئەمشەوی تیرۆریستانی داعشیش بۆ گوندی خدر جیجە پێشهاتێكی مەترسیدارە، چونكە سنوری هێزی پێشمەرگەیان بڕیوەو هاتونەتە ناو ئاوایی. ئەمە جێگای هەڵوەستەی جددیەو گرنگە بە زوویی پێداچونەوە بە شێوازی بەرگری و سەنگەربەندی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بكرێت‌و تەواوی پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكرێت.

هاوكات جەخت لەوە دەكەینەوە كە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێویستیان بە هەبوونی هێزی پێشمەرگەیەو جێبەجێكردنی ماددەی 140 مانای نەمانی تیرۆریستان لەم سنورانەو دووبارەنەبونەوەی كارەساتی لەمجۆرە.

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان دەكات و هاوخەمی خۆی بۆ دانیشتوانی گوندی خدر جیجەو پێشمەرگە شەهیدو بریندارەكان دەردەبڕێت. درود دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانی گوندی خدر جیجەو پێشمەرگە قارەمانەكان. ئەم شەهیدانە مەدالیای ورەو هێزو بەردەوامی و سوربونمانە لەسەر پاراستنی كوردستان لەدەست دوژمن و تاریك پەرستان.

مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

3/12/2021

پەیوەندیدار