دادگەی سزا قورسەکانی سێرت سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەفسەرێکی دوورخراوەی تورک بڕییەوە کە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی کچە کوردێکی باکووری کوردستان دادگایی دەکرێت.
رۆژی هەینی 3ی کانوونی یەکەمی 2021 لە یەکەمین دادگەی سزا قورسەکانی سێرت، چوارەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی ئیپەک ئەر بەڕێوەچوو کە دوای دەستدرێژیکردنەسەری لەلایەن ئەفسەرێكی دوورخراوەی تورکەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا و دواتر گیانی لەدەستدا.
خێزانی ئیپەک ئەر و پارێزەرەکانی هەردوولا ئامادەی دانیشتنی دادگە بوون، بەڵام موسا ئۆرهان کە وەکو تۆمەتبار لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێت و نەخراوەتە زیندانەوە، لە رێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ بەشدار بوو.
دادگەی سزا قورسەکانی سێرت سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ موسا ئۆرهان بڕییەوە.
ئیپەک ئەری تەمەن 18 ساڵ کچە کوردێکی خەڵکی پارێزگای ئیلێهــی باکووری کوردستان بوو. بەهۆی ئەوەی ئەفسەرێكی تورک بە ناوی موسا ئۆرهان دەستدرێژیی کردبووە سەر، رۆژی 16ی تەممووزی 2020 نامەیەکی لەدوای خۆی جێهێشت و هەوڵی خۆکوشتنی دا؛ دوای ئەوەی 34 رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە، رۆژی 18ی ئابی 2020 لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی ئێلیهـ گیانی لەدەستدا.
ئیپەک ئەر لە نامەکەیدا کە لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە ئاماژەی بەوە دابوو، موسا ئۆرهان بەزۆر ماددەی هۆشبەر و کحولی پێداوە.
عائیشە ئاجار باشاران، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە دوای گیانلەدەستدانی ئیپەک ئەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەر رایگەیاند، “موسا ئۆرهان دەستدرێژیی کردووەتە سەر کچێکی گەنجی تەمەن 18 ساڵ و بە درێژایی 20 رۆژ دەستبەسەری کرد. ئەو کچە گەنجە چەندینجار سەردانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کرد، هەوڵیدا دەنگی خۆی بگەیێنێت، بەڵام نەیتوانی دەنگی بە هیچ لایەک بگەیێنێت”.
دوای ئاشکرابوونی رووداوەکە لە 16ی تەممووزی 2020، موسا ئۆرهان دەستبەسەرکرا و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە دوورخرایەوە، بەڵام وێڕای راپۆرتی پزیشکی داد کە دەیسەلماند دەستدرێژی کراوەتە سەر ئیپەک ئەر، موسا ئۆرهان رۆژی دواتر لە 17ی تەممووزی 2020 بە مەرج ئازاد کرا.
بارۆی سێرت تانەی لە بڕیارەکە دا و داواکاری گشتیی سێرت جارێکی دیکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ موسا ئۆرهان دەرکرد.
داواکاری گشتیی سێرت لە نووسراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2020 دەریکردووە، ئاماژەی بەوە دابوو، لە 27-07-2020 بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ موسا ئۆرهان دەرکردووە.
موسا ئۆرهان رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2020 دوای وەرگرتنی گوتەکانی لەلایەن دادگای ئێشکگرەوە، خرایە زیندانەوە. یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو کەیسە رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2020 لە یەکەمین دادگەی سزا قورسەکانی سێرت بەڕێوەچوو.