بۆکا جۆنیۆرز بۆ هەشتەم جار توشى یەکسانبوون هات

لە خولی ئەرجەنتین، بۆکا جۆنیۆرز لەگەڵ ئارسناڵ ساراندی بە گۆڵێک بۆ هەردوو یەکسانبوو.

لە هەفتەی 24ی خولی نایابی تۆپی پێی ئەرجەنتین، یانەی بۆکا جۆنیۆرز لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا، ڕووبەڕووی یانەی ئارسناڵ ساراندی بووەوە.

بۆکا جۆنیۆرزی میوان دەستپێشخەریکرد و لە خولەکی 44دا لەلایەن خوان ڕامیرێزەوە گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ساراندی لە خولەکی 75دا گۆڵی بەرامبەری لە ڕێگەی برونۆ سیپولڤیداوە تۆمارکردەوە و یارییەکەش بە یەکسانی و بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات.

بەم ئەنجامە بۆکا جۆنیۆرز بۆ هەشتەم جار لەم وەرزەدا و بۆ دووەم جار لەسەریەک توشی یەکسانبوون هات و بە 37 خاڵ بۆ پلەی حەوتەمی ڕیزبەدی خولەکە دابەزی، ئارسناڵ ساراندیش لە پلەی کۆتاییدایە و 20 خاڵی هەیە.

لە یارییەکانی تردا، گۆدۆی کروس و پلاتێنسی بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا یەکسانبوون، کۆردۆبا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سارمینتۆی بردەوە، ڕاسینگ کلەبیش بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر بە هۆراکان دۆڕا، لانوس و ڕۆزاریۆ سەنتڕاڵیش بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا یەکسانبوون

پەیوەندیدار