فەرەنسا بۆ یەکەم جار لە ماوەی 24 کاژێردا 50 هەزار تووشبووی کۆرۆنا تێپەڕاند. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ملیۆنان کەس ڤاکسینی بەهێزکەری دژ بە کۆرۆنا وەردەگرن. بەراورد بە دوو هەفتە لەمەوبەر، ژمارەی ئەوانەی لە 24 کاژێردا تووشی کۆرۆنا دەبن نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.
رۆژی شەممە 4-12-2021 بەرپرسانی تەندروستیی فەرەنسا رایانگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا 51 هەزار و 624 تووشبووی نوێی کۆرۆنایان لە سەرتاسەری وڵاتدا تۆمارکردووە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، فەرەنسا بە تێکڕا رۆژانە 41 هەزار تووشبووی تۆمارکرد بوو. هەروەها لە هەفتەی پێشووتری کەمتر لە 28 هەزار تووشبووی تۆمارکردبوو.
بەگوێرەی تەندروستیی فەرەنسا، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی 694 کەس بەهۆی پەتاکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە 113ـیان گیانیان لەدەستداوە و 119ـشیان لە بارودۆخێکی خراپی تەندروستیدان.
ئۆلیڤەر ڤێران، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخەی هاتووچۆی هەڵگرتووە، بەڵام داوای لە پێگەیشتووانی وڵاتەکەی کردووە، تاوەکو نیوەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو هەموویان قورچکی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
ڤێران لە توویتێکدا نووسیویەتی: “10 ملیۆن هاوڵاتیی فەرەنسی بۆ پەیداکردنی بەرگریی لە دژی ڤایرۆس قورچکی سێیەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە”.
دوای 15ـی کانوونی دووەم، هەر کەسێک تەمەنی لە نێوان 18 بۆ 64 ساڵ بێت، پێویستە بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسینی هەبێت، بەجۆرێک حەوت مانگ بەسەر وەرگرتنی قورچکی دووەم تێنەپەڕیبێت بۆ ئەوەی کۆڤید پاس یاخود پاسپۆرتی وەرگرتنی ڤاکسینی پێبدرێت کە بۆ سەردانکردنی شوێنە گشتییەکانی وەکو رێستۆرانتەکان، کافێکان، هۆڵی لەشجوانی و شوێنە گشتییەکان داوادەکرێت، بەپێچەوانەوە، رێگەی پێنادرێت سەردانی ئەو شوێنانە بکات.
لە رووی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناوە، فەرەنسا پلەی حەوتەمی لە سەرتاسەری جیهاندا گرتووە. بە جۆرێک لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە تاوەکو ئێستا 7 ملیۆن و 823 هەزار و 388 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە لەو ژمارەیەش 119 هەزار و 457 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسینەوەیە، تاوەکو ئێستا 107 ملیۆن قورچکی ڤاکسین دابەشکراون و رێژەی 70.2٪ـی کۆی دانیشتووانی فەرەنسا کە دەکاتە 47.3 ملیۆن کەس بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە.