هێزێکی تایبەتیی ئەمەریکی راهێنان بە دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان دەکات

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە کە بەپێی سەرچاوە تایبەتییەکان، یەکەیەکی سەربازیی ئەمەریکی بەمەبەستی راهێنان بە هێزە تایبەتییەکانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بەپەشتبەستن بە سەرچاوە تایبەتییەکانی باسی لەوەکردووە کە یەکە سەربازییەکەی ئەمەریکا لە ٧٠ سەرباز پێکهاتووە و لەمدواییەدا گەیشتوونەتە بنکەی سەربازیی ڕومێلان لە سوریا، ئەویش بەئامانجی راهێنان بە هێزەکانی دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان ناسراو بە ( HAT)، راهێنانەکانیش لەسەر چەک و پڕۆسەکانی هێرشکردن و بەسەردادان دەبێت. ئاماژە بەوەشکراوە کە راهێنانەکە بەسەدان کەس لە هێزە تایبەتەکانی هەسەدە دەکرێت.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسە تورکییەکە، لەدوای تەواوبوونی راهێنانە سەربازییەکانی ئەو هێزە تایبەتەی هەسەدە، بەسەر شارەکانی حەسەکە و شەددادی سەر بە حەسەکە و کێڵگەی نەوتی عومەر لە گوندەواری دێرەزووری رۆژهەڵات دابەش دەکرێن.

دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان کە بە کوردی دەبێت بە ( Yekîneyên Antî Teror)، هێزێکی تایبەتی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتە و لەساڵی ٢٠١٧ وە دامەزراوە و ئەندامەکانی لە کەسانی دەستەبژێری ناو یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن هەڵدەبژێردرێن.

هەر لەسەرەتای درووستبوونیانەوە لەسەر دەستی هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکا و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا راهێنانی چڕ و پڕیان پێکراوە و بۆ ئەنجامدانی ئەرکە زۆر تایبەتییەکانی پشتیان پێدەبەسترێت.

پەیوەندیدار