ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی ئومێد بەرۆشکی دەدرێت

دوای کشانەوەی سکاڵاکەی مەلا ئیحسان ڕێکانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە دانیشتنێکی دیکەی دادگای دهۆک لەبارەی دۆسیەی ڕۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەدەچێت و دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە دەدات.
رێڤینگ یاسین، پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، ئەو دۆسیانەی ئومێد بەرۆشکی‌، رۆژنامەنوسی سزادراوی بادینان بەهۆیانەوە سزادراوە زۆرینەیان تایبەت بون بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.
پێشوتر مەلا ئیحسان ڕێکانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کودستان رایگەیاندبو سکاڵاکەی لەسەر ئومێد بەرۆشکی‌ کشاندوەتەوە، بەوهۆیەش ئەگەر کشاندنەوەی سکاڵاکە قبوڵ بکرێت لەلایەن دادگاوە ماوەی سزاکەی بەرۆشکی کۆتایی دێت و ئازاد دەکرێت.
مانگی ئایاری 2020 و رۆژێک پێش گردبونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی موچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی کە یەکێک بون لە رێکخەرانی سەرەکیی گردبونەوەکە، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکران.
بەگوێرەی ئامارێک کە رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، ساڵی رابردو زیاتر لە 300 (سێ سەد) مامۆستا، چالاکوان و بەشداربوی گردبونەوەکانی ناڕەزایەتی لە دهۆک دەستگیرکراون و بەشێکیان دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکراون، بەڵام تائێستا چارەنوسی بەشێک لەدەستگیرکراوەکان نادیارە.

پەیوەندیدار