کۆتایی ئەم ھەفتەیە خولێکی دیكەی دانوستانەکانی ڤییەنا لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەستپێدەکەنەوە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆتایی ئەم ھەفتەیە خولێکی نوێی دانوستانەکانی ڤییەنا لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە نێوان ئێران و ئەندامانی تری رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکاتەوە و رێگە نادەن ھیچ لایەنێک یاری بە کات و ھەوڵەکانی ئێران بکات.
وتیشی، ئێران لەسەر بنەمای ئەو دوو رەشنووسە دانوستان دەکات، کە پێشکەشی لایەنە بەشدارەکانی دانوستانەکان کردووە و تایبەتن بە لابردنی سەرجەم سزاکان و قەرەبووکردنەوەی ئێران و ھیچ شتێک بە ناوی رێککەوتننامەی ھەنگاو بە ھەنگاو یان رێککەوتنی کاتی لە ئارادا نیە.