جارێكی دیكە بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆكانی سلێمانی و پۆلەتەكنیك گردبوونەوە و داوای پێدانی دەرماڵە دەكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، خوێندكارانی (زانكۆكانی سلێمانی وپۆلەتەكنیك و پەیمانگای تەكنیكی) بە مەبەستی داواكردنی مافەكانیان و پێدانی دەرماڵەكانیان لەبەردەم زانكۆكانیاندا دەستیان بە خۆپیشاندان كردەوە و بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندیان كرد.
خوێندكاران ئاماژە بەئەوەدەكەن، تاوەكو وەڵامی داواكارییەكانیان نەدرێتەوە بەردەوام دەبن لەخۆپیشاندان و ناچنەوە ناو هۆڵەكانی خوێند
ئەمە لەكاتێكدایە بۆ ماوەی نزیكەی یەك هەفتە، خوێندكارانی زانكۆكانی هەرێم بەمەبەستی گەڕانەوەی دەرماڵە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكان بە بەكارهێنانی توندوتیژی كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكان هێنا و دواتر بەشێك لە زانكۆكان بۆ راگرتنی ناڕەزایەتییەكان بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك پشوویان راگەیاند.
ماوەی حەوت ساڵە دەرماڵەی خوێندكارانی هەرێم لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا بڕاوە، كە پێشتر بۆ خوێندكارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندكارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندكارانی دەرەوەی شار كە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا.