شەنگالیەكان ڕێگرییان لە هەوڵێكی حكومەتی عێراق بۆ پەڕاندنەوەی خانەوادەكانی داعش لە كامپی هۆلەوە بۆ خاكی عێراق

ژمارەیەك هاوڵاتیی شەنگال شەوی ڕابردوو ڕێگرییان لە هەوڵێكی حكومەتی عێراق بۆ پەڕاندنەوەی خانەوادەكانی داعش لە كامپی هۆلەوە بۆ خاكی عێراق كرد و نەیانهێشت لە سنووری شەنگالەوە كەسوكاری چەتەكانی داعش بپەڕێندرێنەوە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاویكردەوە شەوی ڕابردوو حكومەتی عێراق ٢٠ پاسی هێناوەتە سنووری شارەدێی سنوونێی شەنگالەوە هەوڵیانداوە لە گوندی بۆركێ-وە بپەڕنەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و خانەوادەی چەتەكانی داعشە عێراقییەكان بگەڕێننەوە بۆ عێراق، بەڵام لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە ڕێگرییان لێكراوە.

هاووڵاتیانی ناوچەكە ئەو هەوڵەی حكومەتی عێراقیان وەك “پیلان لەسەر شەنگال” لەقەڵەمداوە و ڕێگەیان نەداوە پاسەكان بپەڕنەوە، بەوهۆیەشەوە پاسەكان گەڕاونەتەوە.

هاشم حاجی، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتیی شەنگال لەبارەی هۆكاری ڕێگرییەكەوە ڕایگەیاندووە: شەنگال یەكێكە لە ناوچە ئارامەكانی عێراق و دەبێت ئەم هەوڵە ڕابگرن كە دەیانەوێت خێزانی چەتەكانی داعش لەم ناوچەیەوە بگوازنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هێرش و پەلامارەكانی چەتەكانی داعش لە ناوچەكانی كەركوك و مەخموور و سنووری گەرمیان زیادیكردووە و بەوهۆیەشەوە تائێستا ٢٢ پێشمەرگە و 3 هاوڵاتیی مەدەنی شەهیدبوون.

پەیوەندیدار