لێژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕی قایمقامیەتی هەولێر دوو شوێنکاری داخست و چەند شوێنکارێکی دیکەی بەشێوەی جیاواز سزادا.
ئەمڕۆ سێشەممە 07-12-2021 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر و سەرۆکی لێژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ راگەیاند، رۆژی دووشەممە پشکنین و بەدواداچوون بۆ چەند چێشتخانە و خواردنگە و نانەواخانەیەك لەناو هەولێر کرا و لە ئەنجامدا دوو شوێن داخران، کە نانەواخانەیەك و رێستورانتێك بوون.
نەبەز عەبدولحەمید گوتی: “بەھۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی تەندروستی و گەشتیاری و پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی و چاودێری بازرگانی، چەندین پسوولەی سەرپێچی لەلایەن لیژنەکەوە بۆ چەند شوێنێک کراون و رێکاری پێویست بەرامبەریان گیرایەبەر”.
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو سەرپێچییەکاندا ئاگرکوژێنەوە لە شوێنەکان نەبوون یان ماوەیان بەسەرچووبوو، ناپاک و خاوێنی و بەسەرچوون و تێکچوونی خواردن و بەرهەمە ئاژەڵییەکان هەبوون، هەر سەرپێچییەکیش ئاراستەی شوێنی تایبەتمەندی خۆی دەکرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی.