ئۆپەراسیۆنێکى فراوانى هێزەکانى پێشمەرگە لەچەند ناوچەیەک دەستى پێکرد

هێزەكانی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە هەردوو میحوەری یەكی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان بۆ دورخستنەوەی چەكدارانی داعش دەستپێكرد.
وەزارەتی پێشمەرگە لە بڵاوكراوەیەكدا ئاشكرای كردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەردوو میحوەری یەكی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەكانی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەكانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەكانیان، ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵ كردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجامدا، كە دەكەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق.
رونیشكراوەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەك لە لیواكانی 3 و 5ی پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواكانی 9 و 17ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەكەیەكی هێزەكانی 70 بەشداریی تێدا دەكەن.
هەر بەپێی بڵاوكراوەكە، ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوام دەبێت تاوەكو بەتەواوەتی كیۆماڵی ناوچەكە دەكرێت، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنانە دێت كە پێشتر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا كراون.

پەیوەندیدار