وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 18 دامەزاوە و کەسایەتیی ئێرانی و سووریی خستە لیستی سزادراوەکان، لەنێویاندا ناوی نۆ کەسایەتیی ئێرانی، پێنج کەسایەتیی سووری و چوار دامەزراوەی ئێرانی هەن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەریەک لە هێزی تایبەتی پاسدارانی سەر بە ویلایەت، گرتووخانەی ناوەندیی ئیسفەهان و هێزی تایبەتی پۆلیس و گرتووخانەی زاهیدانی سزاداوە.
هاوکات ناوی نۆ کەسایەتیی ئێرانی و پێنج کەسایەتیی سووری هاتوون کە سزاکان دەیانگرێتەوە، لەنێویاندا ناوی سەید رەزا موسەوی، لە هێزی تایبەتی ئێرانی، موحسین ئیبراهیمی، سەر بە هێزی دژەتیرۆری ئێرانی و فەرماندە محەممەد یووسف حاسووری، فەرماندە لە سوپای سووریا لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەمنی دیکەی پلەدار.
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە هەر شوێنێک سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی سزادراوان بکەونە ژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکا، بلۆک دەکرێن و دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ سزادراوان یان مامەڵەکردن لەگەڵ سامانە بلۆککراوەکانیان لە هاووڵاتییانی ئەمریکا قەدەخە دەکرێت، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
جگە لەوەش، هەر کەسێک و هەر دامەزراوەیەکی دەرەوەی ئەمریکاش مامەڵە لەگەڵ ئەو سزادراوانەدا بکات، لە کاتێکدا کە دەزانن ئەوانە سزادراون، ئەوانیش دەکەونە ژێر سزاکان.
مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای خستەسەر ژمارەیەک کۆمپانیا و کەسایەتی کە پاڵپشتی پرۆگرامی دروستکردنی درۆنی ئێرانیان کردووە کە لەلایەن سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسەوە بەڕێوەدەبرێن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە دوایین گەڕی دانوستاندنەکانی ڤیەننا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەڕێوەچوو. بە بۆچوونی وڵاتە ئەوروپییە بەشدارەکان، دانوستاندنەکە ئومێدبەخش نەبووە و ئەمریکاش پێیوا بوو شاندی ئێران هیچ پێشنیازێکی “بونیادنەرانەی” نەبووە.