ئیمارات رۆژانی شەممە و یەکشەممە دەکاتە پشووی فەرمی و رۆژانی هەینیش تەنیا تاوەکو نیوەڕۆ کار دەکرێت و ئەو کەسانەیشی کە نوێژی هەینی دەکەن، دەتوانن لەو رۆژەدا لە ماڵەوە دەوام بکەن. بەو بڕیارە ئیمارات دەبێتە تاکە وڵاتی کەنداو و وڵاتی عەرەبی کە تەنیا رۆژانی هەینی و شەممەی پشووی هەفتە نابێت.
بە گوێرەی خشتەی نوێی کارکردن لە ئیمارات، پشووی تایبەت بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە نیوەڕۆ دەستپێدەکات و نوێژی هەینی لە تەواوی ساڵ لە کاتژمێر 1:15 خولەک دەبێت.
حکومەتی ئیمارات بەو کارەی دەیەوێت وڵاتەکە بە بازاڕەکانی جیهان گرێبدات.
تاوەکو 2006، پشووی هەفتە لە ئیمارات رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بوو، دواتر بەهۆی زۆریی ژمارەی خەڵکی بیانیی لەو وڵاتەدا، رۆژانی پشوو بووە هەینی و شەممە. بەو بڕیارەی ئێستاش، رۆژانی پشووی هەفتە هاوشێوەی وڵاتانی رۆژئاوا دەبێت.
میدیای فەرمی ئیمارات لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، درێژکردنەوەی رۆژانی پشوو دوای هەوڵەکانی حکومەت دێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان کارکردن و ژیانی کۆمەڵایەتیی کە دەبێتە هۆی زیادکردنی چالاکییە ئابوورییەکان.
میدیای فەرمی ئیمارات دەشڵێت، “بەرپرسان پێیانوایە، لە روانگەی ئابوورییەوە، گۆڕینی کاتی کارکردن و پشوو وەک ئەوەی کە ئێستا بڕیاری لێدراوە ئیمارات دەباتە ریزی بازاڕە داراییە جیهانییەکان، کەرتی دارایی، بازرگانیی و جموجۆڵی بازرگانیی گەشەپێدەدات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە رۆژانی شەممە و یەکشەممەیان پشووە”.