سوپای عێراقی ده‌خرێته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی

سوپای عێراقی ده‌خرێته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی، دوای ئه‌وه‌ی كۆنتێنه‌رێك بۆمبی هێشوویی نه‌ته‌قیوو له‌به‌سره‌ دزرا، له‌ ئه‌گه‌ری نه‌دۆزینه‌وه‌ی، مه‌ترسی دروستبوونی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی و ئه‌منی ده‌كرێت، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌سره‌و ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق ده‌كات.

عه‌باس ماهیر، قایمقامی قه‌زای زوبێر رایگه‌یاند، كۆنتێنه‌رێك بۆمبی هێشوویی نه‌ته‌قیوو له‌ یه‌كێك له‌ كۆگاكانی لابردنی بۆمب و پاشماوه‌ جه‌نگ، كه‌ پتر له‌ 100 بۆمبی هێشوویی نه‌ته‌قیوی تێدایه‌ له‌ دۆخێكی گوماناوی له‌ به‌سره‌ دیار نه‌ما.

راشیگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك كۆنه‌ فرۆش ئه‌و كۆنتێنه‌ره‌یان دزیووه‌، وایان زانیووه‌ به‌تاڵه‌، به‌ره‌و شوێنێكی نادیار گوازراوه‌ته‌وه.

قامیقامی قه‌زای زوبێر جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌و كۆنه‌ فرۆشانه‌ له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی كۆنه‌ ئاسن ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بیفرۆشنه‌وه‌ كارگه‌كان، بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و كاره‌ی كردوویانه‌ مه‌ترسیداره‌.

ئه‌و قایمقامه‌ ده‌شڵێت:” هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی قه‌زای زوبێر ده‌ستیان به‌ پشكنینی چڕ كردووه‌، داواش له‌ هاووڵاتیانكراوه‌ ده‌ستكاری هیچ كۆنتێنه‌رێكی گوماناوی نه‌كه‌ن، یه‌كسه‌ر پۆلیسی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

پۆلیسی قه‌زای زوبێر رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆنتێنه‌ره‌ له‌ شوێنێكی سه‌لامه‌ت دانه‌ندرابێت، كاره‌ساتی مرۆیی و ئه‌منی دروست ده‌بێت.

میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌، به‌هۆی دزینی ئه‌و كۆنتێنه‌ره‌، پارێزگاكانی ده‌وروبه‌ری به‌سره‌ش ده‌ستیان به‌ پشكنین و گه‌ڕان و ئاماده‌باشی كردووه‌، جیا له‌وه‌ له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌ ناوخۆییه‌كان هاووڵاتیان له‌باره‌ی ئه‌و كۆنتێنه‌ره‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌.

پەیوەندیدار