هەموان خاوەنین عێراقیەکان نەبێت
بەختیار مستەفا
بێگومان کێشەی ناوخۆیی عێراق هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەم دەوڵەتەوە دەستی پێکردوە ، کاتی خۆی براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم بەمەبەست دەوڵەتێکی لەم شێوەیەیان دروست کردوە لەنەتەوەو ئاین و مەزهەبی جیا جیا کەهەرکاتێک ویستیان بەپێ ی بەرژەوەندیە جۆراوجۆرەکانی خۆیانەوە کێیان ویست وەک کارتی فشار بەکاریان بێنن و هیچ کاتێکیش نەیانویستوە ئەم وڵاتەو بگرە ناوچەکەش ئارامی بەخۆیەوە ببینێت ، چونکە هەرزو زانیویانە کەعێراق و ناوچەکە پڕێتی لەسەروەت و سامانێکی زۆری سروشتی ، دیارە ئوکاتیش بەپێی هەل ومەرجی سیاسی جیهان و ژمارەی دانیشتوان و ئاستی رۆشنبری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ناوچەکەو پێنەگەیشتنی یاخود کامڵ نەبونی بیری نەتەوەیی هەر ئەوەندەی هەڵگرتووە.
هەر لەوکاتانەشەوە کێشمەکێش وململانێکانی نێوان بلۆکی رۆژهەڵات و بەناو سۆسیالزم و بلۆکی رۆژئاوای سەرمایەداری سەری هەڵداوە ، ئەوەی نەگبەتی بوە بۆ عێراقیەکان و گەلی کوردیش هیچ لایەکیان بەپێی بەرژەوەندی ئینسانی و دیموکراسی و ئەخلاقی مامەڵەیان لەگەڵ عێراقی دروستکراودا نەکردوە ، نەبەناو سۆسیالزم و ئینسان خوازەکان لەگەڵ گەلانی ستەم لێکراوی ناوچەکە بون و نەسیاسەتی رۆژئاوایی بەناو دیمکراسخواز وەک ئینسان مامەڵەیان لەگەڵ دانیشتوانی ناوجەکەدا کردوە ، بەو واتایەی هیچ لایەکیان ئارامی و پێکەوە ژیان و سەقامگیری ناوچەکەیان بەلاوە گرنگ نەبوە ،بەقەدەر ئەوەی کەهەر لایەک پشتیوانی لەوگروپ و حیزب و کەس و دەسەڵاتە کردوە کەخۆیان مەبەستیانەو بەرژەوەندیەکانی ئەوان ئەپارێزن .
سەرەتا بەریتانیاو ئەمەریکاو رۆژئاواییەکان بەگشتی پشتیوانیان لەخێزانی پادشایەتی عێراق کردوە و مەبەستیان بو لەحوکمڕانی عێراق بمێننەوە… تائەوکاتەی عەبدولکەریم قاسم بەکودەتای سەربازی و پشتیوانی سۆڤیەتیەکان دەسەڵات وەردەگرن ، هەر ئەوکات سۆڤیەت رێکانادات حیزبی شیوعی عێراقی کەبەهێزترین و پڕ جەماوەریترین حیزبی سیاسی بون دەسەڵات بگرنە دەست بەو پێیەی سۆڤێت عەبدولکەریم قاسمی بەدۆست و لایەنگیری خۆی دەزانی ، لەملاشەوە رۆژئاواییەکان کەوتنە پشتیوانیکردنی بەعسیە شۆڤێنیەکان کەبچوکترین هێزی سیاسی عێراق بون لەوکاتەدا بۆ ئەوەی دەسەڵات لەچنگی ئەوهێزانە بێننە دەرەوە کەدۆستی یەکێتی سۆڤێتن ..
بەم شێوەیە عێراقیەکان هەر دەستەو گروپێکی سەر بەیەکێک لەوڵاتانی زلهێزی جیهان بون و هەرکیز رێگا نەدراوە هێزی نیشتمانی هەڵقوڵاوی واقعی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری ئەوکاتی عێراق دەسەڵات وەربگرن بەڵکو دەبوایە دۆست و لایەنگیری یەکێک لەو بلۆکانە بن .
هەرگیزیش ئەو زلهێزانە رێگەیان نەداوە عێراقیەکان بەیەکەوە تەبا بن و بەیەکەوە هەڵبکەن ..بەڵکو بەردەوام هەوڵیان داوە سۆزێکی نەتەوەیی یان ئاینی و مەزهەبی لایەک بجوڵێنن و ختوکەیان بدەن بەمەبەستی پارێزگاریکردن لەبەرژەوەندیەکانیان و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی عێراق و ناوچەکە، ئەمە بۆ وڵاتانی ناوچەکەش هەر راستە.
هەتا ئەمڕۆش بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەم جۆرە سیاسەت و باڵانس راگرتنە بەپێی بەرژەوەندیەکان بەردەوامی هەیە ، هەرئەوان و هەژمونی وڵاتانی دەوروبەر هۆکار بون بۆچەندین کودەتای سەربازی و رێکنەکەوتنی کوردو عەرەب لەعێراق و هەڵگیرساندنی هەردو جەنگی عێراق ئێران و داگیرکردنی کوێت روخاندنی حکومەتی عێراق و جارێکی تر بەزۆر پێکەوە لکاندنەوەی ئەم وڵاتەی پێی دەڵێن عێراق ، هاوکات هێشتنەوەی ئێران وەک دێوەزمەیەک و نیشاندانیان بەرامبەر بەدەوڵەتانی کەنداو کەئەگەر بێت و ئەوان نەبن واتە رۆژئاواییەکان ئەوا شەپۆلی شیعەمەزهەبی ئێرانی هەمویان لوش دەدات ،بۆیە پێویستە لەسەر وڵاتانی کەنداو سوپاسی رۆژئاوا بکەن و نەوتیان بەنرخی گونجاو پێبفرۆشن و هاکات چەک و جزەخانەکانیان لێبکرن بۆئەوەی بتوانن لەبەرامەر ئێران خۆیان بپارێزن و ئەوسەربازو سەربازگانەی هاوپەیمانانیش کەلەوڵاتانی کەنداو هەن خەرجیەکانیان لەئەستۆ بگرن .
ناوخۆی عێراق لەئێستادا دابەش بووە بەسەر ئێران و رۆژئاواو کەنداودا .. هەموو لایەکیش ئەم لایەنانە لەدژی ئەوی ترو بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت ،بەشیعەو عەرەبی عێراقی دەڵێن ئەگەر دۆستی ئێرانیەکان بن ئەوە کورد هەیەو کەرکوکیان دەدەینێ و دەوڵەتیان بۆ دروست ئەکەین ئەگەر گورایەڵیش بۆ ئێمە دەکەن ئەوا بەشداری حوکمرانی دەبن و دەمێننەوە … ئێرانیەکانیش بەپێچەوانەوە ، بۆ کوردیش هەمان شت دەکەن ، بێگومان ئێرانیەکان و شیعەو سوننەو تورکیاش لەسەر هیچ کۆک نەبن لەدژی کوردو پێنەدانی کەرکوک و بەدەست بەتاڵی دەرچونی کورد هەمویان کۆکن … تەنانەت ئێران و ئەمەریکا ئەم تاکتیک و سیاسەتانە لەسوریاو لوبنان و رۆژئاوای کوردستانیش بەکار دەهێنن ، ئەمەریکا کاتێک دەبینێ تورکیا لەروسیا نزیک دەبێتەوە ، پەیەدە هێزێکی دانپیانراوو نیشتمانیە و دوای بریاریان لەکشانەوەیان لەرۆژئاوا لەدوایین ساتدا پەشیمان دەبنەوە لەملاوە بۆ دڵرازیکردنی تورکیا پەکەکە دەبێتە هێزی تیرۆرو ڕەش ، لەهەمان کاتدا ئەمەریکیەکان تورکیایەکیان دەوێت لەقسەیان دەرنەچێت ، ئێرانێکیان دەوێت هەرەشەیەکی ناجدی بێت بۆ سەرکەنداو ئێرانێکیان ناوێت هەرەشەی جدی بێت بۆسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و رۆژئاوا، بەو پێیە بۆ رۆژئاواییەکان عێراقیەکان و بگرە هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ گرنگیەکیان بۆ ئەوان نیەو لەمشکی تاقیگە بەولاوە شتێکی تر نین ، کەی بۆئەوان گرنگە چی لەعێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن و سۆمال وکوێ و کوێ دەگوزەرێت و چەند کەس رۆژانە دەبنە قوربانی ، ئەوەی بۆ ئەوان کێشەیە ، رۆژانە بڵاوکردنەوەی ئەوشتانەیە کەلەناوچەکە رودەدەن و بەمۆبایلێک تۆمار دەکرێن و رای گشتی جیهانیان لەبەرامبەر دەوروژێنرت ، هەر ئەمانەش بون کەکاتی خۆی بێدەنگ بون لەئەنفال و کۆمەڵکوژی کوردو وێرانکردنی کوردستان و بەسوتماک کردنی خاکەکەی و کوشت و بڕی باشوری عێراق و وشککردنی زۆنگاوەکانی باشور و چاکیش دەیانزانی سەدامی دڕندە چی بەعێراقیەکان دەکات و بگرە بەچەکی ئەوانیش ئەو کارە دڕاندانەیە ئەنجام دەدراو هەموانش لێی بێدەنگ بون چونکە ئەو کارو کردەوانە تۆمار نەدەکران و رای گشتی جیهانیان لەسەر نەدەوروژێنرا هەربۆیە دیزە بەدەرخۆنەیان دەکرد
ئێستاش لەم عێراقە فشەڵ و پڕ گەندەڵی و ناتەندروستە هیچ هێزو لایەنێکی نیشتمانی و پێشکەوتنخواز و خاوەن ئیرادە ویستراو نیە ،بەڵکو لایەنی خۆهەڵواسەرو بەکرێگیراو مەرغوبەو ئەوانەیان دەوێت … تەنانەت شەقامیش بەنەزانانە کەوتۆتە ژێر کاریگەرێتی ئەو جۆرە هێزانە کەپارەو چەک و هێزی سەربازی و مێلیشیاییان هەیە بەبێ ئەوەی گوێبدەنە ئەوەی ئەو لایەنانە بەرنامەو ئەجێندای کێ پیادە دەکەن …
بەم پێیە هەر کەس و لایەنێک سەربەیەکێک لەو جەمسەرانە نەبێت مانەوەی لاوازە ، خۆشیەکەی ئەوەیە کاتێک هێزێکی سیاسی نزیک لەمبەر یان ئەوبەر جڵەوی حوکمرانی دەگرێتە دەست لایەنی بەرامبەر کار بۆ لاواز کردن و روخاندنی دەکات .
لەلایەکی ترەوە عێراقیەکان ئەوەندە داماون خەڵکی تریش سودیان لێدەبینێت و وەک کارتی فشار بەکاریان دەهێنن وەک ئەوەی تورکیاو بیلاروس لەمەسەلەی کۆچبەراندا سودیان لێوەردەگرن .
هەربۆیە عێراق هیچ کات وڵاتێکی جێگای ئومێدو گەشبینی نەبوەو نابێت چ بۆعێراقیە عەرەبەکان و چ بۆ گەلی کورد .. هەربۆیە لەسەر کورد پێوییتە بەئەجندایەکی کوردیانە دور لەمەبدەئی براوەو دۆڕاو مامەڵە بکات و هەرچی بۆ بەرژەوەندی گەلەکەمانە ئەوەیان گرێتە بەر بەو هیوایەی کێشمەکێش و ململانێکانی ناوجەکە شتێکی شاراوەیان بۆ گەلی کورد تیادا بێت ، هەر جۆرە رێککەوتن و دروستکردنی حکومەتێک و هتد تەنها حەبێکی ئازار شکێن و چارەسەرێکی کاتیەو هیچی تر ، چونکە زۆرێکمان دەزانین کە ئەم وڵاتە لەسەر بنەمایەکی فەشەل دروستکراوە و دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە بکەین و نەبینە ئەجێندای هیچ کەس و وڵاتێک و هەرچی دەستورو دادگای عێراقیش هەیە تەنها شتی روکەشن هەموان کار بۆ ئەوە دەکان ئەملا یان ئەولالێیان رازی بن و نەکەونە بەر غەزەبیان …
لەکۆتایشدا دەبێت شتێک بزانین ئەویش ئەوەیە هەموو شتێک لەم وڵاتەدا ئەگەری هەیە و چاوەروانکراوە بەڵام بەپێی خواست و بەرژەوەندی ئێمە نا بەڵکو بەپێی بەرژوەندیە دەرەکیە جۆراوجۆرەکان …
هەمو ئەوانەی سەریشەوە دەیسەلمێنن عێراق وڵاتێکە هەموان خاوەنین تەنهاو تەنها عێراقیەکان نەبێت .