نەوتی كوردستان

هەندرێن شێخ راغب

فرۆشی نەوت بابەتێكی دارایی و داهات نیە، بەڵكو تەواو پرسێكی نیشتمانیە، هەر دڵۆپێك نەوت یەكسانە بە قوتی منداڵێك؟ سیاسەتی ئابوری ئێمە لەسەر ئابوری نەوت بونیاد نراوە، بۆیە كۆی پرسە سیاسی و نیشتمانیەكانیش دەكەونە ژێر كاریگەری ئەم سیاسەتەی تۆ بۆ نەوت هەتە. هەرێمی كوردستان بە هۆی راگەیاندنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆو فرۆشتنی نەوت بە بۆڕی كوردستان، توشی ئەزمەیەكی گەورەی عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بوو، تا ئێستاش ئەم ئەزمەیە بەردەوامە. هەرێم لەروی داهات و موچەو پڕۆژەو بوژانەوەی ئابوری لە كێشەی گەورەو جددی دایە، هۆكارەكەشی ئەم دیدگایەتی بۆ نەوت و وزە هەیەتی.

فرۆشی نەوتی ئێمە بە جۆرێكە كە ئەوەی سەیری بكات دەزانێت ئێمە نەوت نافرۆشین، بەڵكو نەوت دەكڕین، ئاخۆ چۆن جێگای كارەسات نیە، لە شەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵ 81 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر بفرۆشی؟ كەچی چاوەڕێی 200 ملیارەكەی بەغدا بكەیت بۆ موچە؟ داهاتی نەوت ناتوانێت قەیرانی دارایی و موچەو دامەزراندن و پڕۆژەكان و بازاڕ چارەسەر بكات؟ كەواتە بۆچی ئێمە نەوت دەفرۆشین؟؟

راستگۆیانە قسە بكەین لە سیاسەتی نەوت كەوتوینەتە ناو چاڵەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان حەكیمانە مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی وزە نەكات، داهاتووی ئەم هەرێمە تەواو دەكەوێتە دۆخێكی خراپەوە، چونكە بەردەوامی ئەم دۆخە ئابوریە دەگۆڕێت بۆ دۆخی بەریەككەوتنی سیاسی. سیاسەتی وزەی ئێمە شكست خواردووە، كاتی ئەوەیە بە پلان و بەرنامەو سیاسەتێكی نیشتمانی پێداچوونەوە بە گرێبەستەكان، جۆری فرۆشتن و بڕی فرۆشتن و مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتەكەی‌و رێكخستنەوەی تێچونەكانی بكرێت.

ئەگەر سەیر بكەین چەندین جار بەشێك لە پەرلەمانتاران بۆچونی خۆیان خستۆتە روو لەم بارەیەوە، بۆیە پێویستە وەك پرسێكی چارەنوسسازی نیشتمانی دەست بكرێت بە پێداچوونەوە بە كۆی پرسی نەوت، بۆ نمونە عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری كوردستان بەم جۆرە زانیاری دەخاتە روو:

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی دیلۆیت لە بارەی فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمەوە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، عەلی حەمە ساڵح لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە نووسینێكدا، بە ناونیشانی ” پارەی نەوت چی لێدێت؟ ” دەڵێت

بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ شەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵ : حكومەتی هەرێم لەماوەی شەش مانگدا (٨١ ملیۆن و ٢٩٩) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە بۆ هەناردەكردن و پاڵاوتن لە نێوخۆدا..تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لەشەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵ نزیكەی (٦٥ دۆلار)  بوە، بەڵام تێكڕای فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ بەرمیلێك( ٥٣.٤٤٦ ) دۆلار.. نزیكەی (٥٣ دۆلار)  بوە..  ئەمەش داشكاندنێكی زۆرە”.

هەروەها نووسیوویەتی ” لەم نرخەش فرۆشراوە، بەشی زۆری بۆ كۆمپانیاو كرێی بۆری بوە..  پوختەی داهات بۆ هەر بەرمیلێك( ٢٢.٥٨٨) دۆلار.. واتە: نزیكەی (٢٢ دۆلار و نیو) ماوەتەوە.. بەمەش : نزیكەی ٤٢٪‏  كۆی داهاتی نەوت بۆ تەمویلی موچە ماوەتەوە.. كەواتە: داهاتەكانی دیكەی نەوت چی لێهات؟”.

ئێمە بەهۆی ئابوری نەوت، ناتوانین خاوەنی ئابوریەكی بەهێزی نیشتمانی بین، ئەمەش خەتاكەی نەوت نیە، بەڵكو سیاسەت و ناشەفافیەت و خراپی ئیدارەدانی خۆمانە.

پەیوەندیدار