وەسیەتنامەكەی سەباح ئیسماعیل

ڕۆژنامەنووسێک پرسیارێکی بۆ ناردووم و نووسیویەتی:

* ئەگەر لەپڕ پێت بڵێن تەواو ئەمڕۆ دەمریت چی دەکەیت؟

   وێڕای ئەوەی ئەو پرسیارە هەست بریندارکردنی زۆری تێدایە دەڕۆست شتێک دڵنیاین هەر دێت، بەڵام هەمیشە خۆمانی لێ بەدوور دەگرین و لە بیر خۆمانی دەبەینەوە، چونکە ئەگەر بۆ مردن بژین، ئەوا بەڕاستی کارەساتە، مرۆڤ هەرچییەک بکات دەبێت وای دابنێت بۆ ژیان دەژی و هەردەم بە ئومێد بێت. ئینجاش زۆر بێترس و ڕاشکاوانە و بێباکانە حەزدەکەم وڵامی بدەمەوە. کەس بە وەسیەت نەمردووە. دەڵێم:

– سەرەتا لە کتێبخانەکەمەوە دەستپێدەکەم، یەک یەک تەماشایان دەکەم و قسانیان لەگەڵدا دەکەم، ئەوان زەمەنێکی زۆر لەگەڵمدا بوون، فێریان کردم، هەموو شتی خۆیان پێشکەش کردم، هەمیشە کراوە و ڕاستگۆ بوون، هەموو جار لە کتێبخانەکەم بووم وامدەزانی خوێن لە کتێبەکان دەچۆڕێتەوە، چونکە زۆریان نووسەرانیان یان لەسێدارەدراون، یان گوللەباران کراون، تێرۆر کراون، خراونەتە زیندانەوە، ئەشکەنجەدراون، لە وڵاتی خۆیان دوورخراونەتەوە و دەربەدەر کراون. حەیف و سەت حەیف پێڕانەگەیشتم گەلێکیانم نەخوێندەوە. تامی زۆریانم نەکرد، هەستدەکەم بێ ویستی خۆم بەردەوام فرمێسک بە چاوانمدا دێتەخوار.

بەبێ وازیی خۆم دەگۆڕم و دەڕۆمە دەرەوە، پیاسەیەکی بازاڕەکەی ڕەحیماوا دەکەم، هەستدەکەم هەنگاوەکانیشم بە ئێرە غەریبن (دێتە بەرچاوم، هەشت نۆ ساڵان بووم هێشتا ئەو بازاڕە قیرتاو نەکرابوو، خۆم بە پیکابێکەوە گرت خێرا دەڕۆیشت، ماوەیەک ڕۆیشت و نەوەستا، خۆم بەردایەوە هەموو دەست و پلم ڕووشان).

پیاسەی یەکە بە یەکەی کۆڵانەکانی ڕەحیماوا دەکەم، بۆنی ئەو چڵکاوەی بە منداڵی گەمەمان تێدا دەکرد، بۆنی ئەو زەلکاوانەی تێیاندا فێری مەلەکردن بووم، بۆنی خاکەکەی، بۆنی سەوزەگیاکەی هەر دەڵێی بۆنی یەکەم بارانی پایزە.

لە ڕێگە سەرێک لە دوکانەکەی ستار جەباری دەدەم، دەست دەخەمە ملی و دەسخۆشیی لە موختاری و ئینسایکلۆپیدیای پڕ زانیاریی کەرکووکییانەی دەکەم. وەک هەموو جار پێمدەڵێت: نوکتەیەکم پێیە هێشتا کاغەزەکەی پێوەیە، با بۆتی بگێرمەوە.

زۆر بە بێخوڵقییەوە دەڵێم: جەباری گیان هەموو کات نوکتە خۆشەکانتم بۆ بگێڕەوە، تەنیا ئەمڕۆ نا. زۆر دڵم تەنگە. گریانم بۆ خۆم دێت.

ئەوجا هەر لە ڕێگەوە سەرێک لە قەلەندەرخانەکەی شێرکۆ شەریفی هەمیشە خۆمئاسا ڕەشبین دەدەم، کەسێکی پاک، کەسێکی عاشق بە ڕەهەندییەکان. کەسێکی گۆشەگیر و تەنیا، دەستی دەگووشم و ئامێزێکی توندی لێدەدەم، پێیدەڵێم:

– ژیان جوانە، ئەفسووس من و تۆ بۆ ساتێکیش شیلەی گوڵیمان نەمژی.

حەزمدەکرد شێخ لوقمان ببینم و پێی بڵێم: برا داخ دەخۆم، ئەوە من دەمرم و تۆ هەر هاوسەرگیریت نەکرد.

   پاشان هێواش هێواش بەرەو گۆڕستانەکەی ڕەحیماوا لێژ دەبمەوە، دەچمە سەر گۆڕی باوکم، تێر تێر وەک ساتی مردنی بەکوڵ بۆی دەگریم، بیری ئەو ڕۆژانەی دەکەم بۆ کرێکاری دەچوو بۆ نەجەف و کەربەلا، بەغدا، تکریت، هەولێر، ئەو کەسێک بوو هەمیشە میوانی ماڵی خۆی بوو، بۆیە هەمیشە کە دەهاتەوە کەرکوک غەریب بوو لە ماڵەکەمان. ئەویش ڕۆژێک خۆشیی لە خۆی نەدی. مشتێک لە گڵی سەر گۆڕەکەی هەڵدەگرم و بۆنی دەکەم، پێیدەڵێم: باوە من ئێستا دە ساڵ لەوکاتی تۆ مردی گەورەترم، بەڵام هەر کوڕە بچووکەکەی تۆم و تامەزرۆی ئامێزە پڕ سۆزەکەتم.

بەدەم فرمێسکڕشتنەوە حەزدەکەم بڕۆم بۆ شۆڕیجە، ئیسکان، ئازادی، تەپەی مەلا عەبدوڵا، ئەوی هەموو یادگاریی پێش چوونە قوتابخانەم لێ جێهێشت، حەزدەکەم بڕۆم بۆ ڕێگەی بەغدا، عەرەفە، سەر قەڵای کەرکوک و هاوار بۆ ئەو کوڕە تورکمانە بکەم بە هەرزەکاری دڵم شکاند و پێی بڵێم (ئەرقەداش بۆینم ئازاد ێلە، مەن چۆخ سەنە غەدر ێتم)… حەزمدەکرد سەرێک لە کتێبخانەی دیالۆگ لای زاهیر شوکور بدەم. بەڵام مخابن کات نەماوە و پێ ڕاناگەم.

تەلەفۆنێک بۆ عاسی حوسێنی هاوڕێم دەکەم: برا لەکوێی؟ وەرە بۆ باخچەی تەقاویتەکان چایەک پێکەوە بخۆینەوە. دڵم تۆی دەوێت.

عاسی دێت و بۆ یەکەمین جار باوەشێکی گەرمی لێدەدەم، بەگوێیدا دەچرپێنم: بەداخەوە برا، لەو سێ بەرگە کتێبانەی باسی یادەوەرییەکانی پێشمەرگایەتیت کردووە، حەیف و مخابن هەمووی بەخۆڕا چوو. ئیدی خەونەکانمان لەبار چوون.

عاسی باشی خوێندوومەتەوە: برا هیچ بووە؟ ئەمڕۆ بەدڵم نیت!!

چی پێ بڵێم!! ئەو جێدەهێڵم، سەرێک لە ماڵی برادەری وەک خۆم ناشاد، نەوزادی موهەندیس دەدەم. ئامێز لە یەکدی دەدەین و پێیدەڵێم: ڕەیس گیان، بەنیازبووین پێکەوە بڕۆین و بۆ یەکجاری وڵات جێبهێڵین، لەبەر هیچ نا، لە داخی کورد، لە داخی حزبەیلی دوو بنەماڵە، کە تەواو دنیایان ناشرین و تاریک کردووە. تۆ لەبری من ئەو ڕێگەیە تەواو بکە. پێمدەڵێت: بۆ ئەی تۆ؟

ئێوە بێژن، چی پێ بڵێم!! تامەزرۆی بینینی ئازاد بەرزنجیی برام دەکەم، بەرەو سلێمانی دەکەومە ڕێ، خۆم بە دەزگەی سەردەمدا دەکەم، ئازاد تەنیا خۆی لە ژوورەکەیەتی، وەک ئەوەی ساڵانێک بێت نەمدیبێت ئامێزی لێدەدەم و ماچی دەکەم: برا من ماڵئاوا، ئیدی نامبینیتەوە، دەبوو گەلێک ڕۆمانم وەربگێڕانایا، بەڵام پێڕانەگەیشتم. تۆ خەونی من بێنەدی و سەرجەم کارەکانی مارکیز، کامۆ، کافکا، جەنگیز ئێتماتۆڤ، دیوانی نزار قەبانی، و ….. وەرگێڕە. تۆ ئومێدی گەورەی منیت، من ئیدی لە نیوەی ڕێگە جێتدەهێڵم.

ئەو بە واقوڕمانەوە پێمدەڵێت: چییە برا تۆش جێماندێڵیت، دەچیت بۆ خارج؟

چما دەکرێت چی پێ بڵێم!! دەڕۆم بەناو شاری جوانی سلێمانیدا دەسووڕێمەوە، ئەو شارەی بۆ ئێمەی کەرکووکییان هاوتای خارج بوو. تەلەفۆنەکەم دەردێنم و پێوەندی بە راهەبی هونەرمەندەوە دەکەم، کەسێک تابڵێی جوان و بێگەرد، هونەر و دڵسۆزیی لێ دەچۆڕێتەوە:

– سڵاو، خەریکی چیت؟

– لە مارێم.

– حەیرانی، گەلەک پێمخۆشە عەلعان سازەکەت دەربینیت و ئاوازەکی خۆشی پەروێز یاحەقیم لۆ بژەنیت و لەگەردا هۆنراوەیەکی نەبەز گۆران، یان تەلعەت تاهیر بخینیتەوە.

ئەو لێم تێدەگات: ئەوە چتە کەرکوکی، چ بووە؟

چی پێ بڵێم!! بەدەم گریانەوە گوێ بۆ ساز و شیعر خوێندنەوەکەی ڕادەدێرم و ماڵئاوایی لێدەکەم.

پاشان پێوەندیی بە وەرگێڕی ماندوویینەناس خاتوو ڕووناک شوانییەوە دەکەم، پێیدەڵێم ئیدی من لەمڕۆوە وابزانە دەسبەرداری وەرگێڕان بووم، پێمخۆشە پتر خۆت تەرخان بکەیت و کاری زیاتر و نووسەری دیکەمان پێ بناسێنیت. تکایە بەردەوامبە.

ئەویش سەیری بەو قسانەمدا دێت: مامۆستا نیگەرانت کردم، هیچ بووە؟

ئاخر چی پێ بڵێم!! تەلەفۆن بۆ بەختیار عەلی دەکەم:

– سڵاو کاکە بەختیار گیان. سوپاس کە تۆ هەیت. تۆ ڕۆماننووسێکی زۆر گەورەیت، تکایە هەمیشە کاری جوانمان پێشکەش بکە، تۆ ئێستا باڵیۆزی ئەدەبی کوردیت.

پاشان حەزدەکەم پێوەندیی بە زۆربەی نووسەران و وەرگێڕانەوە بکەم، ماڵئاوایی لە: عەبدولقادر سەعید، خالید فاتحی، ڕێباز مستەفا، کەریم کاکە، تەیب جەبار، مەحمود نەجمەدین، ڕەنجدەر جەبار، ئارام سدیق، نەجات نوری، سیامەند هادی، تارا شێخ عوسمان، عەزیز ڕەئوف و …. بکەم.

ئەوجا تەلەفۆن بۆ: جەلیل کاکەوەیس و ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل دەکەم، دوو پیاوی ماندوو، دوو وەرگێڕی کارامە. پێیاندەڵێم: حەیف ئێوەش وەک عەبدوڵا سەڕاج پشتتان لە چیرۆک کرد و تەنیا جێتانهێشت.

پێمخۆشبوو سەر لە بەغدا بدەم، ساڵانێکی زۆری تەمەنمم تێدا بردەسەر، زانکۆ، سەربازی، فەرمانبەریی. لەوێوە لە بەنداوی عوزێم دابەزم، کە نزیکەی سێزدە ساڵی تەمەنی بردم.

ئەوجا سەرێک لە ماڵی براکەم و خوشکە میهرەبان و نامرادەکانم دەدەم. حەزمدەکرد وەک ڕۆژانی منداڵی هەموویان لەسەر سفرەیەک کۆبکەمەوە، بەڵام هەیهات، ئەوە بووەتە ئەستەم.

   خەریکە کات وەک تەمەنی بەسەرچووم دەڕوات. دەگەڕێمە ماڵەوە. یەک یەک باوەش بە منداڵەکاندا دەکەم و لەگەڵ ماچکردنیاندا هۆن هۆن دەگریم، ئامێز لە هاوژینی میهرەبانم دەدەم و منەتباریم ڕۆژێک بێدڵیی نەکردم. پەلاماری دەستی دایکم دەدەم و ماچی دەکەم، بۆنی پێوە دەکەم و لەبەردەمی دەبمەوە منداڵەکەی جاران. خەمی ئەوەی بۆ دەخۆم لەوە قورستر نییە دایک و باوک مەرگی منداڵی خۆیان ببینن.

بەبێ وازی دەڕۆمە ژووری کتێبەکانم، وەک ماڵئاوایی یەک یەک دەستیان بەسەردا دێنم و لێیان ڕادەمێنم، ئەویانم لە کتێبخانەی ئاسۆ کڕی، ئەویان لە بەغدا، ئەمیان ئەودەمی لە زانکۆ بووم، ئەویتریان لە دیالۆگ، ئەویان لە ئەندێشە، ئەویان لە ڕەهەند…. لەودەمەدا ئەو هۆنراوەیەی پاپلۆ نیرۆدام بیردێتەوە:

ئەوی گەشت نەکات

ئەوی نەخوێنێتەوە

ئەوی گوێ لە مۆسیقا نەگرێت

بە هێوریی دەمرێت…

ژیانی خۆت بژی

خۆت لە بەختەوەری بێبەری مەکە

لاپتۆپەکەم پێدەکەم و دەچمە سەر واڵەکەم، نامەیەک بۆ هەموو فرێندەکانم دەنووسم، داوای لێبوردنیان لێ دەکەم ڕۆژێک دڵی ناسکیانم شکاندبێت، داوای لێبوردن لەو کیژانە دەکەم، کە گوناهەکانیان یەکسان بە گوناهەکانی پەپوولەیەکن، ڕۆژێک لە ڕۆژان دڵم ڕەنجاندبن. داوای گەردنئازادییان لێ دەخوازم… ماڵئاوا دۆستان، ماڵئاوا ئەی ژیانی پڕ لە چەرمەسەریم. بۆیەکەمین جار دەزانم ژیان هیچ ناهێنێت، بەڵام هیچ شتێکیش ژیان ناهێنێت. لە وڵاتی من ژیان مەشخەڵێکە یان بە ئاگرەکەی دەسووتێین، یانیش دەیکوژێنینەوە و لە تاریکیدا دەژین.

بانگی هاوژینەکەم دەکەم، پێیدەڵێم تایەکی گەرمم لێیە، لێرە ڕادەکشێم، بەتانییەکم بەسەردا بدە، با پشوویەک بدەم.

من بێئاگا وەک سەرمابردەڵەیەک ڕاکشاوم و بەتانییەک بەسەرمدا دراوە، بە لێوی وشکهەڵاتووەوە هەناسە کورتەکانی خۆم دەژمێرم….

  سەباح ئیسماعیل                                                                                  ١٥/١١/٢٠٢١

پەیوەندیدار