کلچدارئۆغڵو: دەسەڵات وەربگرین سەلاحەددین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا ئازاد دەکرێن

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە دەڵێت، ئەگەر پارتەکەی دەسەڵاتی تورکیا بگرێتە دەست، سەلاحەددین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا و سەرجەم ئەو کەسانەی “بە ستەملێکراوی” لە زیندانەکاندان ئازاد دەکرێن.

کەمال کڵچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەندیکای کرێکاران و پیشەگەرانی شاری رووهای باکووری کوردستان رایگەیاند، “هێشتنەوەی سەلاحەددین دەمیرتاش لە زینداندا پێچەوانەی یاسایە. هەروەها ئەو رەخنانەی لە سەلاحەددین دەگیرێن، هیچ بەهایەکیان نییە؛ بۆیە ئەگەر جەهەپە دەسەڵات بگرێتە دەست، سەلاحەددین، کاڤالا، پارێزەرەکان و سەرجەم ئەو کەسانەی بە ستەملێکراوی لە زیندانەکاندان، ئازاد دەکرێن”.

لە وەڵامی پرسیاری چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان، کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتی: “یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی تورکیا، پرسی کوردە. شوێنی راستەقینەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، پەرلەمانی تورکیایە. جگە لەو شوێنە لە هیچ شوێنێکی دیکە ئەم پرسە چارەسەر ناکرێت؛ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی دیکە هەڵەیە. دەبێ ئەم کێشەیە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت”.

کەمال کڵچدارئۆغڵو داوای لە خەڵکی رووها کرد دەنگ بە جەهەپە بدەن بۆ ئەوەی گەورە شارەوانیی رووها بەدەستبهێنن و گوتی: “بەڵێنتان پێدەدەم کە ئەو کاتە کارەبای بێبەرامبەر بە جووتیارانی ئێرە دەدەین و سوودی بانکی قەرزەکانی جووتیاران سفر دەکەینەوە”.

سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “پەرلەمانتارێکمان هەیە، بەڵام ئەمجارە لانیکەم سێ پەرلەمانتارمان” لە رووها دەوێ.

سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە چوارچێوەی ”لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر” لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانیکراوە.

عوسمان کاڤالاش لە 1ی تشرینی دووەمی 2017 بە تۆمەتی هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی دەستبەسەرکرا.

پەیوەندیدار