حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا راسپێردراون كاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی رووداوەكەی نۆكەندی ئینگلیز بكەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە دوای روداوی خنكانی ژمارەیەك هاوڵاتی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا سەرۆكی حكومەتی هەرێم فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمـی لە فەرەنسا راسپارد، تاوەكو هەر كارێك كە پێویست بێت بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی ئەو رووداوە ئەنجامی بدەن.
ئەوەش هاتووە، فەرمانگەكە و نوێنەرایەتی حكومەت لە فەرەنسا تەواوی ئەو كارانەیان ئەنجامدا كە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەكان، بەتایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاوڵاتییە كوردانەی لەو بەلەمەدا بوون، بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا حكومەتی فەرەنسا بەشێوەیەكی فەرمی ناوی ئەو هاوڵاتیانە بداتە حكومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی رێكاری تایبەت بۆ گواستنەوەی تەرمەكانیان بۆ زێدی خۆیان بگیرێتەبەر.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی لەوەش كردووەتەوە، لیست و ژمارەی ئەو قوربانیانەی لە چەند رۆژی رابردودا لە هەندێك میدیا بڵاو كرایەوە، بە هیچ شێوەیەك فەرمی نییە و دەزگا فەرمییەكانی فەرەنسا پشتڕاستیان نەكردووەتەوە.