لە ئیستەنبووڵ هەزاران کەس وەکو ناڕەزایی بەرامبەر خراپیی گوزەرانیان گردبوونەوە

لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، بەهۆی قەیرانی ئابووری و خراپیی گوزەرانەوە هەزاران کەس گردبوونەوە. گردبوونەوەکە لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ بە دروشمی “ئیدی بەسە؛ گوزەرانمان نییە” رێکخرا. ژمارەیەک سیاسەتڤان و لایەنگری پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش تێیدا بەشدارییان کرد.

سیبەل چەلیک، کرێکاری کارگەی ئۆتۆمبێل دەڵێت، “دادپەروەریمان دەوێت؛ هەست دەکەین لە دۆخێکی خراپداین. ئەمە گوشارێكی دەروونیی گەورەیە. وەکو پێویست ناتوانین هیچ شتێک بۆ ماڵ و منداڵەکانمان ببەینەوە. گوتیان با سێ منداڵمان هەبێت؛ ئێستا سێ منداڵمان هەیە کەچی ناتوانین بەخێویان بکەین. دەتوانین چی بکەین، جگە لە خراپەکاری؟ کەسانێک ناچاردەبن دزی بکەن و کەسیش هەیە کەسی دیکە دەکوژێت. ناکرێت؛ بژێویمان نییە. هەمووی برسییە، بچیت بۆ هەر ماڵێک شتی پێ ناکڕێت، کرێی پێ نادرێت”.

بەهۆی پێداگریی سەرۆککۆماری تورکیا لە دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەڵاوسان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی تورکی 43%ی بەهای لەدەستداوە. ئەمەش وایکردووە ئەو کەسانەی بە کەمترین بڕە مووچە کار دەکەن، توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نەبێت.

فارووق کارائەحمەد، کرێکاری کارگەی پۆشاک رایگەیاند، “لە خێزانەکەماندا دوو کەس کار دەکەن. مووچەی یەکێکیان دەڕوات بۆ کرێ و ئەوی دیکەیان بۆ کارەبا و گازی سرووشتی. بە کەمترین مووچە کار دەکەین. ئەگەر مووچەمان لانیکەم بکرێتە پێنج هەزار و 200 لیرە، کەمێک وەکو مرۆڤ دەتوانین بژین”.

ئەمساڵ کەمترین بڕە مووچە دوو هەزار و 825 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 210 دۆلار. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، کەمترین بڕە مووچە پێویستە زیاتر بێت لە 4000 لیرە، لە بەرامبەردا سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێن، 4000 لیرە بژێویی خێزانێک بۆ 15 رۆژیش دابین ناکات.

فاتمە، کرێکاری شارەوانی دەڵێت، “بۆئەوەی گۆڕانکاری بکەین، لێرەین. دەمانتوانی لە ماڵەوە دابنیشین، بەڵام ناکرێت. دەمانەوێت ئەم دۆخە بگۆڕین. ئیدی دەمانەوێت ئەم حکومەتە بگۆڕدرێت، چونکە بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان بەردەوامن لە بەتاڵکردنی گیرفانەکانمان. ئیدی بەسە. بۆیە لێرەین و لە هاتنمان بۆ ئێرە بەردەوام دەبین”.

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی تورکیا، نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە تورکیا بە کەمترین بڕە مووچە دەژین. گفتوگۆی نێوان حکومەت و سەندیکاکانیش بۆ دیاریکردنی کەمترین بڕە مووچە بۆ ساڵی 2022 بەردەوامن.

پەیوەندیدار