مەکگۆرک: داعش، دوژمنی هاوبەشی ئەمریکا و عێراقە

رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە بەغداوە رایگەیاند، وڵاتەکەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک لەناوچەکە، دەشڵێت، “تاکە دوژمنی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق داعشە.”
نوسینگەی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، قاسم ئەعرەجی لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی ئەمنی و سیاسی لە عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ کراوە و نوێترین پێشهاتەکانیان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کردووە.
ئەوەش هاتووە، برێت مەکگۆرک جەختیکردووەتەوە، “لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە دەرەنجامەکانی رێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ عێراقدا.”
مەکگۆرک ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ئەمریکا بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیجی بەهیچ شێوەیەک ئاسمان و خاک و ئاوی عێراق بەکارناهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق و ئەمریکا پشتیوانی عێراقە لە بەهێزکردنی تواناکانیدا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.”
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە بەرژەوەندی ئەمریکایە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و بەهێز بێت، دەشڵێت، “تاکە دوژمنی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا رێکخراوی داعشە.”
لەلایەن خۆیەوە، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گرنگە و حکومەتی عێراق کار لەگەڵ هەموو لایەکدا دەکات.
ئاشکراشیکردووە، ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لە بەرژەوەندی عێراقە و هەوڵدەدەن ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بەرەو پتەوکردنی سەقامگیری ئەمنی هەنگاو بنێن.

پەیوەندیدار