وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە چەكی شایستە داراییەكانی زیاتر لە 600 جوتیار دابەش دەكرێت و داوا لە جوتیاران دەكەن، سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن بۆ وەرگرتنی چەكی پارەكە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، ئاگاداری جوتیارەكان دەكەنەوە ئەوانەی گەنمیان لە ژمارە پسوڵەی 1 تاوەكو 643 رادەستی سایلۆی هەولێر كردووە، ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 13ی 12ی 2021 سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن بۆ وەرگرتنی چەكی شایستە داراییەكانیان بۆ ساڵی 2021.
پێشتر نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتەكە رایگەیاندبوو، بەشی حەوتەمی چەكی بانكی پارەی جوتیاران بۆ ساڵی 2021 گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان و پاش ئەوەی رێكارە كارگێڕییەكان تەواو دەبێت لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەكانی هەرێم، چەكە بانكییەكان بە جوتیارەكان دەدرێت و بە زوترین كات لە بانكی شارەكان وەریدەگرن.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی هاتبوو رونیكردبووەوە، بۆ پارێزگای سلێمانی یەك ملیارو 400 ملیۆن دینارە و بۆ هەولێر 923 ملیۆن و دهۆكیش 140 ملیۆن دینارە.