ئاستی جەماوەری ئەردۆغان لەگەڵ لیرە لە دابەزیندان

له‌گه‌ڵ دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی بۆ نزمترین ئاست له‌ مێژوی خۆیدا، ئاستی جه‌ماوه‌ریی ره‌جب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ش دابه‌زیوه‌.

ماڵپه‌ڕی كه‌ناڵی عه‌ره‌بیه‌ به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان سوره‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌ ئابوری و سیاسییه‌كانی به‌رامبه‌ر دراوی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ زێدی خۆشیدا گله‌یی لێ بكرێت.

له‌ رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌داهاتوه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان له‌ شارۆچكه‌ی ریزی له‌دایكبوه‌ كه‌ زێدی خۆیه‌تی و شوێنێكی كشتوكاڵییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ زێدی خۆیه‌تی و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌ناسن، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی سیاسه‌ته‌ ئابوریه‌كانی ئه‌رۆدغانه‌وه‌، كه‌وتونه‌ته‌ گله‌یی و ناڕه‌زایی.

نیفزات بالیش، سه‌رۆكی ژوری كشتوكاڵی له‌ ناوچه‌ی ریزی كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی 50 هه‌زار جوتیار ده‌كات، پرسیاری كردوه‌ و ده‌ڵێت “ئه‌رێ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ناترسێت له‌وه‌ی ده‌نگ نه‌هێنێته‌وه‌؟”

وتیشی “دوو ساڵی رابردوو خراپترین ساڵ بوو بۆ دانیشتوانی ریزی كه‌ پێشتر ده‌نگیان به‌ رۆڵه‌ی شاره‌كه‌ی خۆیان دا، به‌ڵام ئێستا له‌ دۆخێكی قورستردا ده‌ژین”.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ به‌های لیره‌ی توركی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی بۆ نزمترین ئاست له‌ مێژوودا دابه‌زی و هه‌ر دۆلارێك به‌ نزیكی 15 لیره‌ وه‌ستایه‌وه‌، بۆ چواره‌م جاریش بانكی ناوه‌ندیی توركیا فریای دۆخه‌كه‌ كه‌وت و له‌مڕۆدا به‌های لیره‌ بوژانه‌وه‌یه‌كی زۆر كه‌می به‌خۆوه‌ بینی.

پەیوەندیدار