چەوری سەر جگەر مەترسیدارە

جگەر دووەم گەورەترین و یەكێكە لە ئەندامە سەرەكیەكانی لەشی مرۆڤ، بە مانایەكی تر هیچ مرۆڤێك ناتوانێ بێ جگەر بژی، كۆمەڵێك فەرمانی زۆری هەیە، هەر لە دروستكردنی زراوو چەندەها جۆر پڕۆتین و كۆنتڕۆڵكردنی خوێن بەربوون و خوێن مەیین تا دەگاتە پاككرنەوەی لەش لە ژەهرو پاشماوەكانی هەندێك دەرمان.
چەوری جگەر بریتییە لە كۆبوونەوەی چەوری لەناو خانەكانی جگەر، لە ئێستادا نەخۆشییەكی زۆر باوە، بە شێوەیەكی گشتی تووشی ئەو كەسانە دەبێ كە كێشی لەشیان زۆرەو قەڵەون، نەخۆشی بەرزە پەستانی خوێن و شەكرەیان هەیە و كۆنتڕۆڵیان نەكردووە، هەروەها ئەوانەی كە چەوری لەشیان زۆرە، نەخۆشیەكە پێویستە بە هەند وەربگیرێ و بەوپەڕی گرنگییەوە سەیر بكرێ، چونكە پشتگوێخستنی لێكەوتەی زۆر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.

كۆبوونەوەی چەوری سەر جگەر چەند قۆناغێكی هەیە، لە سەرەتادا چەوری بە بڕێكی زۆر لەناو خانەكانی جگەر كۆدەبێتەوەو لەوێ كەڵەكە دەبێ (Steatosis)، ئەگەر نەخۆش چارەسەری پێویست وەرنەگرێ ئەو چەوریانە دوای كۆمەڵێك گۆڕانكاری تێیدا دەبێتە هۆی هەوكردن و مردنی خانەكانی جگەر (Steatohepatitis)، ئەگەر هێشتا نەخۆش چارەسەر نەكرێ نەخۆشییەكە پێ دەنێتە قۆناغێكی مەترسیدارو دەبێتە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی جگەر و مردنی (Fibrosis and Cirrhosis) .

نیشانەكانی كۆبوونەوەی چەوری سەر جگەر چین ؟
زۆربەی جار هیچ نیشانەیەكی نییە، تەنانەت هەندێ جار نەخۆش چەند قۆناغێكی نەخۆشییەكەی تێپەڕاندووە بەڵام هیچ نیشانەیەكی نیە یان هەندێ نیشانەی ناڕوونی هەیە وەكو بێتاقەتی و بێهێزی ، بەڵام لە قۆناغە كۆتاكان، نەخۆش كۆمەڵێك نیشانەی لێبەدیار دەكەوێ وەكو گەورەبوونی جگەر، ئازاری بەشی لای ڕاستی سەرەوەی سك، زەردوویی و كۆبوونەوەی ئاو لەناو سك.

چۆن بزانین چەوری سەر جگەرمان هەیە ؟
ئاسانترین و سەلامەتترین پشكنین بریتییە لە سۆنار، هەروەها لە ڕێگەی سیتی سكان و ڕەنینی موگناتیسیشەوە دەستنیشان دەكرێ.
هەندێ پشكنینیش ڕەنگە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاگادارمان دەكاتەوە كە ڕەنگە نەخۆش چەوری سەر جگەری هەبێ ئەوانیش پشكنینی چەوری و پشكنینی فەرمان و ئەنزیمەكانی جگەرە .

چۆن چارەسەر دەكرێ؟
قۆناغە سەرەتاكانی نەخۆشییەكە چارەسەری هەیە بەڵام ئەگەر نەخۆشییەكە بگاتە قۆناغە كۆتاكان هیچ چارەسەرێك بوونی نییە، بۆیە زۆر گرنگە نەخۆش ئەو بابەتە بەهەند وەربگرێت و هەر كاتێك دەركەوت چەوری سەر جگەری هەیە پێویستە سەردانی پزیشك بكات.
چۆن ڕێگری دەكرێ لە كۆبوونەوەی چەوری سەر جگەر ؟

– كۆنتڕۆڵی شەكرەو زەخت
– خواردنی تەندروست ( كەمكرنەوەی فاست فوود و نانی بازاڕی و شەكرو شیرینی و پەقلاوەو خواردنی چەور)
– وەرزشكردنی ڕۆژانە
– دابەزاندنی كێش و چارەسەری قەڵەوی
– خواردنی ماسی

دكتۆر شێروان كۆساری
پزیشكی شارەزای گشتی

پەیوەندیدار