هەرچەندە تائێستا دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی پەسەندنەکردوە بۆ ئەوەی وادەی کۆبونەوەی پەرلەمان دیاریبکرێت، بەڵام بەگوێرەی لیستی کاندیدە دەرچوەکانی پەرلەمان مەحمود مەشهەدانی، کاندیدی دەرچوی هاوپەیمانی عەزم وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی یەکەم کۆبونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەکات.
پێشوتر دەستەی هەماهەنگی شیعەکان بڵاویانکردەوە، مەحمەد عنوز کاندیدی دەرچوی پارێزگای واست یان عامر فایز کاندیدی دەرچوی بەسڕە سەرۆکایەتی یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە وائیل کەرابی سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، مەحمود مەشهەدانی، کاندیدی دەرچوی هاوپەیمانی عەزم وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی یەکەم کۆبونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەکات.
مەحمود مەشھەدانی مانگی ئایاری 1948 لە بەغداد دایکبووە و ئێستا تەمەنی لە 73 ساڵ زیاترە و بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستی ھاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر کاندید کرا و سەرکەوتنی بەدەستھێنا.
مەشھەدانی یەکێکە لە سیاسییە دیارەکانی عێراق و لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2009 سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.