رکابەرییەکانی مۆندیالی عەرەب کۆتاییدێن، هەردوو هەڵبژاردەی تونس و جەزائیر رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
كاتژمێر 6 لەسەر یاریگەی ئەلبەیت، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە ئەمادەبوونی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و چەندین ئەستێرەی دیاری تۆپی پێ لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهان یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی جامی عەرەب لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی جەزائیر و تونس بەڕێوەدەچێت.
هەردوو هەڵبژاردە دوایین ئامادەکارییان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن و راهێنەری هەردوو یانەش بە گرنگییەوە سەیری یارییەکە دەکەن.
هەڵبژاردەی تونس لە 1963 نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە، بەڵام جەزائیر هێشتا نەبووەتەوە و پاڵەوان و دەیەوێت ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.
هەڵبژاردەی تونس لە یاریی پێشکۆتاییدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی میسری بردەوە و بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستهێنا، جەزائیرییەکانیش لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بە زەحمەت 2-1 لە قەتەری میوانداری پاڵەوانێتییەکەیان بردەوە و خۆیان گەیاندە فایناڵ.
گەیشتنی هەڵبژاردەی جەزائیر بە یاریی کۆتایی لە کاتێکدایە کە هیچ یەکێک لە یاریزانەکانی ئەوانەی لە ئەوروپا یاری دەکەن بەشداری نەکردووە، تەنانەت راهێنەرەکەشیان، کە جەمال بلمازییە سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی نەکردووە و ئەو ئەرکە بە مەجید بوقڕەی یاریدەردەری داوە.
راهێنەری هەردوو هەڵبژاردەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەرکیان زەحمەتە، بەڵام ئامانجیان بردنەوەی نازناوەکەیە و دووپاتیشیانکردەوە کە متمانەیان بە تیپەکانیانە بۆ بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی نازناوەکە.
بەر لەم یارییە کاتژمێر 1:00 یاریی دەستنیشانکردنی پلەی سێیەم و چوارەم لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی میسر و قەتەری میواندار بەڕێوەدەچێت.