پاش ئەوەی دوێنێ، شوانێک لە شاری ھەولێر لافاو بردی و نەدۆزرایەوە، باوکی گەنجەکە دەڵێت، “کوڕەکەم شوان بووە و لە ھەژاری و بێ ئیشیدا ئەو ئیشەمان کردووە”.
ئومێد نامیق ناسراو بە “گەنجۆ”؛ گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵانە؛ پیشەی شوانیی بووە، شەوی رابردوو لەکاتێکدا ویستوویەتی سەردانی مەڕەکانی بکات، لافاو بردوویەتی و تا ئێستاش نەدۆزراوەتەوە.
لەبارەی ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیان، باوکی گەنجۆ ئەوەشی وت، “تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان و تیمی بەھاناوەچوونی حکومەت نەھاتوونەتە ئێرە بۆ ئەوەی بەدوای تەرمەکەیدا بگەڕێن”. دەشڵێت، “خۆمان، خزمەکانمان، کەسوکارمان، دراوسێکانمان و خەڵکی دیکە بە دوای تەرمەکەیدا دەگەڕێین و ھێشتا نەماندۆزیوەتەوە”.
باوکی ئەو شوانە دەشڵێت، “ئێمە لە ھەژاریدا ئەم کارەمان کردووە، کەس بە ھانامانەوە نەھاتووە، کوڕەکەم ھیچ ئیشێکی تری نەبووە، ماتۆڕسکیلێکی پێ بووە و چاودێری مەڕەکانی کردووە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە لەسەر ھەینی بەھۆی بارینی بارانێک زۆر و دروستبوونی لافاوەوە لە شاری ھەولێر ١٢ ھاوڵاتی گیانیانلەدەستدا کە منداڵێکی شیرەخۆر و دوو کارێکاری بیانیان تێدابوو.”.
ھاوکات، تا ئێستاش بەھۆی لافاوەکەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی کە دەوترێت زیاتر لە “نۆ کەس” دەبن لە شاری ھەولێر بێسەرووشوێنن، کە لە نێویاندا منداڵێکی تەمەن ١٠ مانگان ھەیە و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.