کەشناسی عێراق رایگەیاند، ئەمرۆ پێشبینیدەکرێت لە ھەرێم بارانی مامناوەند دەبارێت و دەگۆڕێت بۆ بارانی بەخوڕ و ئەگەری دروستبوونی لافاو ھەیە.
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی گشتی کەشناسی و چاودێری کردنی بومەلەرزەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، حەیدەر حەبیب بەڕێوەبەری بەشی پێشبینیکردنی کەشناسی ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ عێراق لە ئەنجامی یەکگرتنی دابەزینی دوو پاڵە پەستۆی ھەوای دەریای سور و دەریای سپی ناوەڕاست کە تۆپەڵێک ھەوای مامناوەندی لەگەڵدایە، دەبێتە ھۆی دروستبوونی شێ لە ھەوادا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئاسمانی ھەرێم ھەوردەبێت و بارانی بەخوڕدەبارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ھەیە. دەشڵێت، پێشبیندەکرێت ھەورەبروسکە لەگەڵ بارانبارینەکەدا روبدات.
حەیدەر حەبیب باسی لەوەشکردووە، لەشەودا ئەگەری ھەیە لە ھەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات نمەباران ببارێت و ھەورەبروسکەی لەگەڵبێت.
لەبارەی پێشبینیەکانی رۆژی یەکشەممەوە، بەڕێوەبەری بەشی پێشبینیکردنی کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشبیندەکرێت لە ھەرێم ئاسمان ھەوری تەواوبێت و کەمێک باران ببارێت و بگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند، ئەمەش بەھۆکاری ئەو دابەزینەی لە پاڵەپەستۆی ھەوادا روودەدات.
ھەروەھا، لەبارەی پێشبینیەکانی رۆژی سێشەممەوە، باسی لەوەشکردووە، ئاسمانی وڵات ھەوردەبێت و لە ھەرێم بارانی مامناوەند دەبارێت و لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی بارانی بەخوڕ دەبارێت.
رۆژی چوارشەممەش، پێشبیندەکرێت لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و زاخۆ بارانی بەخوڕ ببارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاوی ھەیە.
لەبارەی پێشبینییەکانی رۆژی پێنجشەممەوە، حەیدەر حەبیب بەڕێوەبەری بەشی پێشبینیکردنی کەشناسی ئاشکرای کردووە، پێشبینیدەکرێت ئاسمانی ھەرێم پەڵەھەور و ھەوری تەواوبێت و لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی باران بەشێوەیەکی مامناوەندی بەھێز ببارێت و لە نیوەڕۆوە کەشوھەوا جێگیرببێت.