لێدوانی فەرمی حكومەتی عێراق لەسەر نەناردنی 200 ملیارەكە

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە ناردنی 200 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دواكەوتووە.
مەزهەر محەمەد راوێژكاری ئابووری و دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونیكردەوە دواكەوتنی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆكاری تەكنیكییە، نەك هۆكاری سیاسیی.
راشیگەیاند رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر بودجەی 2022 جێگیركراوە و كاری یەكەمی پەرلەمانی داهاتووش پەسەندكردنی بودجە دەبێت.
سەبارەت بەوەی کە ناردنی پارەکە تا کەی بەردەوام دەبێت، ڕاوێژکارەکەی کازمی گوتی: “لە کۆتایی ساڵدا یاسای بوجەی حکوومەتی عێڕاق کۆتایی دێت و تاوەکوو یاسای بودجەی ساڵی 2022 پەسەند دەکرێت بەگوێرەی یاسای کارگێڕی مانگانە یەک لەسەر 12ی خەرجییەکان خەرج دەکرێن و ناوەستن، حکوومەتی عێڕاقیش جیاوازی ناکات لەنێوان پارێزگاکاندا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.”
لای خۆیەوە مێدیای فەڕمی بزووتنەوەی گۆڕان كە حیزبێكی بەشداری حكوومەتە و وەزارەتی دارایی و ئابووریی لەلایە، بڵاویكردەوە، حكومەتی هەرێم تاكۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕێ دەكات بەغدا 200 ملیارەكە بنێرێت، ئەگەر نەینێرێت جارێكی تر دەگەڕێنەوە سیستەمی لێبڕینی مووچە.
بەپێی راپۆرتی كەناڵی كەی ئێن ئێن-ی زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان، حكوومەتی هەرێم بەگوێرەی داهات مووچە دابەش دەكات ‌و ئەگەری زۆرە هاوشێوەی ڕابردوو لێبڕینەكە هاوشێوەی پێشوو 21٪ بێت.
ئاشكراشیكردووە بۆ ئەوەی كەس خۆی لەبڕیارەكە بەدەر نەكات لێبڕینەكە بە دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیران یەكلادەكرێتەوه.

پەیوەندیدار