گوتەبێژی وەزارەتی داد رایگەیاندووە، لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی، وەزارەتەکەیان گشتاندنێکی راگەیاندووە و دەشڵێت، لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەر کەسێک ڤاکسینی وەرنەگرتبێت، مامەڵەی بۆ ناکەن.
نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نووسراوەکەیان بۆ هەموو ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانەی هەرێمی کوردستانە کە سەر بە وەزارەتی دادن و بڕیارەکەش لە کاتی خۆیدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئەو گشتاندنەی کە واژۆی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، “هەر فەرمانبەرێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، ئەگەر تاوەکو 01-01-2022 ڤاکسینی وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بە دەوامی فەرمی”.
هەر بەپێی گشتاندنەکە، “لە دوای 01-01-2022ەوە، هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت سەردانی فەرمانگەکان بکات بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین”.
وەزارەتی داد رایگەیاندووە، لە کاتی جێبەجێنەکردنی ئەو گشتاندنەدا، “سەرۆک و بەرپرسی فەرمانگە رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبن”.