(ڕووبەرە و كۆنگرە)

حەمەڕەش ئەحمەد

وەك دیارە حزبی سیاسی یەك وەزیفەی دیاری كراوی نییە چونكە قوتابخانە ئایدیۆلۆژی و فكریەكان جیاوازن هەر ئەوەشە وای كردووە پێناسەكان بۆحزبی سیاسی جیاوازبن، ئەگەرلایەنە چەپەكان پێیان وابێت حزبی سیاسی گوزارشتە لە چینێكی دیاریكراو بەبێ‌ بناغەی خەباتی چینایەتی ئەو خەباتە كامڵ نابێت، ئەوە لە ئەدەبیاتی سیاسی لایەنە بۆرژوازیەكان تێروانینی تریان بۆحزبی سیاسی هەیە.

بەهەرحاڵ بەكورتی جێگای باسی من ئەوەیە كۆنگرە كە بۆماوەیەكی دیاریكراو وەك باڵاترین دەسەڵات فەرمی سیاسەتی حزب و دەورو نەخشی نوێ‌ بۆسەركردایەتی دیاری دەكات. بۆیە گرنگە كۆنگرە تێرامان و خوێندنەوەی بابەتی وجۆری، بۆسیاسەتی نوێی ناوچەكەو كێشمە كێشەكانی ناوگۆرەپانی سیاسی وهاوكێشەی نوێ‌ هەبێت بۆئەوەی لەگۆرخوێندنەوەیەكی واقعیعیانە هەنگاوەكان بەئاڕاستەی دروست مەساری خۆی وەربگرێت و بەرهەم داربێت.

ڕاستیەك هەیە كە كۆمەڵگەی كوردستان كۆمەڵگەیەكی سوننەتگەراییە و بەشێوەیەكی ئیجباری ئیرادەو خواستی تاكەكانی كۆمەڵگە دەخاتە ژێر ركێفی نەریتگەرایی، لێرەدا وەزیفەی كۆنگرەیە بەپێی قەبارەی كاریگەری خۆی كەنوێنەرایەتی حزبێكی سیاسی دەكات بەخۆگونجاندن و بەنەرمی تێپەراندنی نەریتە دواكەوتوەكانی كۆمەڵگە بەوردی گەنگەشە بكات و دەورو نەخشی هەبێت لە بەگژداچونەوەی ئاستەنگەكانی پیشكەوتنی كۆمەڵگە و پەرەی زیاتر بە بیر و هزری پێشكەوتوو بدات، وە ماف و ئازادیەكانی خەڵك بەئەركی هەرە لە پێشنەی تێكۆشانی خۆی بزانێ‌.

حزبی زەحمەتكیشانی كوردستان…

لەچەند مانگی داهاتوو پێدەنێتە ناوگرێدانی یازدەهەمین كۆنگرەی خۆی وەك دیارە كۆنگرەی (یازدە) لەدوای ئەو هەموو روداوە سیاسیە دراماتیكیانەی ناوچەكەو كوردستان گرێ‌ دەدرێت بۆیە پێویست و گرنگە گفتوگۆی بابەتی و هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بەئەزموونی ڕابردوو لەهەموو كایەو جومگەكانی حزب بكرێ‌، گۆرانكاری ریشەیی و دەورو نەخشی نوێ‌ سەرچاوەی لە ئەرك وكاری رێكخراوەیی ناوخۆی حزب وەرگرتبێ‌.

كۆنگرە دەبێ‌ وەك وێستگەیەكی تەندروستی بەخۆداچوونەوە بێت و وەرچەرخانی نەوعی بكات لەتەوەرە هەستیار وچارەنوسسازەكان وە هەنگاو بنێ‌ بەرەو قۆناغێكی پڕ لەدرەوشانەوەی سیاسی و پتەوكردنی رایەڵەكانی رێكخستن، وەپێویستە بەلەبەرچاو گرتنی گفتوگۆی بنیاتنەرانە و چونە ناوقوڵای برینەكان كۆنگرە ئێنرجی و توانای زیاتری سیاسی ببەخشێت بە تابلۆی گشتی حزب، گۆڕانكاریە سادەو روكەشەكان ناتوانن سیاسەتی حزب قوڵبكەنەوە لەپرۆسەی ململانێ‌ و ئاڵو وگۆرەكانی ناوكۆمەڵگە.

نوێگەری و بەهێزكردنی بەدەنەی رێكخراوەیی كە بۆحزبی ئێمە شادەماری بەهێزكردنی رێكخستنەكانن، وە بۆ بەگژداچونەوەی هەموو ئەو ئاستەنگانەی كە لەبەردەممانن پەیوەست بەگەشەكردنی تەواوی ئۆرگانە جۆراو جۆرەكانی حزب ئەركێكی پێویست و هەنوكەییە بچینە ناو نەخشێكی نوێوە ،گوتاری سیاسی و پاراستن و بەهێز كردنی پێگەی حزب وگەشەكردنی پەیكەرو رایەڵەكانی رێكخستن و بەدروستی ڕێرەو كردنی كاری رۆژانەی حزب پێویستە زادەی بەرنامەیەكی نوێی كۆنگرە بێت.

هەرچەندە بەهێز كردن و بردنە پێشی پێگەی حزب لەناوەندی سیاسی وگوتارێكی ڕون سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئاریشە جۆراو جۆرەكانی ناوخۆ لەكوردستان پرۆسیسێكی كەمێك مەودا دورە چونكە پێویستی بەدروستكردنی متمانەی كادرو ئەندامانی حزب و تاكی كۆمەڵگەوە هەیە.

حزبی زەحمەتكێشان پشت ئەستور بەمێژووی بێگەردی خۆی سەروەری شەهیدەكان و هەڵزنان بەهەوراز و نشێوی سیاسی چاوەرێ‌ دەكرێ‌ هاوتەریب لەگەڵ دۆخی نوێی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتوری خەڵكی كوردستان بەمەسارو ئاڕاستەی دروست هەنگاوەكانی بەبڕشتتر بكات.

پەیوەندیدار