کەشناسی: بەفر و بارانبارین دەستپێدەکات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بارانبارین دەستپێدەکات و لە بەرەبەیانی سبەینێشەوە بەفر دەبارێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ لە ئێوارەدا باران بارین دەستپێدەکات و لە شەودا تەواوی ناوچەکە باران دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە بەرەبەیانی سبەینێ سێشەممەوە، بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە و لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر بارین دەستپێدەکات.

هەر بەگوێرەی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و کەرکوک و هەڵەبجە نیمچەهەور دەبێت و دواتر لەسەرتاسەری هەرێمدا بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت.

دەشڵێت، لە ئێوارەدا لە سەرتاسەری هەرێمدا نمەباران دەستپێدەکات و لە شەودا دەبێتە بارانی مامناوەند و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، سبەینێ ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت و لەکاتی بەرەبەیانی زوودا لە سەرتاسەری هەرێمدا باران بەبڕ و شێوازی جیاواز دەبارێت.

باسی لەوەشکردووە، لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە لەگەڵ بارینی بارانی مامناوەندا بەفر دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمیش بەفر دەبارێت.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، سبەینێ لە دوای نیوەڕۆوە لە ناوچەشاخاوییەکان باران بەشێوەی پچڕپچر لە هەندێک ناوچە دەبارێت.

پەیوەندیدار