جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تەرمی 16 كۆچەری كورد كە لە نۆكەندی ئینگلیز خنكان لەسەر ئەركی حكومەت دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.
جوتیار عادل لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەسەر ئەركی حكومەت و لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 24ی كانونی یەكەمی 2021 تەرمی ئەو 16 قوربانییەی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەكەیانەوە گیانیان لەدەستدا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.
رونیشیكردووەتەوە، گەڕاندنەوەی ئەو تەرمانە بەهۆی پرۆسەی ناسینەوە و پشتڕاستكردنەوەی پەنجەمۆركانیان ماوەی مانگێك دوا كەوت.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم داواش لە هاوڵاتیان دەكات، نەكەونە داوی كەسانێك كە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن، ئەو قاچاخچی و كەسانەی كە فریوی هاوڵاتیان دەدەن بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن بێ وەڵام بەجێ ناهێڵێن و روبەڕوی یاسایان دەكانەوە تاوەكو بە سزای خۆیان بگەن.