عێراق دواین قیستی قەرەبوکردنەوەی کوەیت دەداتەوە

عێراق دوا قیستی قەرەبووی دەوڵەتی کوێتی داوە و بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی کوێت کە زیاتر لە 52 ملیار دۆلاربوو کۆتاییهاتووە.

دوای ئەوەی عێراق لە ساڵی 1990دا کوێتی داگیرکرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، عێراقی خستە ژێر بەندی حەوتەم.بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر گرتنەبەری رێکاری تووند بەرامبەر هەر وڵاتێک دەکاتەوە، ئەگەر بەهۆی ئەو وڵاتە ئاشتی لە مەترسیدا بێت، سزای ئەو وڵاتەش سەپاندنی سزای ئابووری دەبێت و دەکرێت سزاکەش بگاتە ئاستی بەکارهێنانی هێزی سەربازی.

بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە وردەکاریی ئەو کەیسە، رایگەیاند: “عێراق دوا قیستی قەرەبووی دەوڵەتی کوێتی دا، کە بڕەکەی 44 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو، بەوەش عێراق هەموو بڕی پارەی قەرەبووی کوێتی دا، کە لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوە، بەپێی بڕیاری ژمارە 687 لە ساڵی 1991 دەستنیشانی کرد و بڕەکەی بە تێکڕا 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو”.

رۆژی 2ی مانگی هەشتی ساڵی 1990 سوپای پێشووی عێراق پەلاماری کوێتی دا و لە ماوەی دوو رۆژدا داگیری کرد، دواتر حکومەتێکی بە سەرۆکایەتی عەقید عەلا حوسێن بەناوی کۆماری کوێت دروستکرد و لە رۆژی 9ی هەمان مانگدا سەدام حوسێن بڕیاری دا کوێت بکاتە پارێزگایەکی سەر بە عێراق، بەڵام لە 26ی مانگی دووی ساڵی 1991 هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا سوپای عێراقیان لە کوێت وەدەرنا.

بانکی ناوەندیی عێراق راشیگەیاند: “چاوەڕواندەکرێت پێدانی هەموو قەرەبووەکان هاوکار بێت بۆ دەرکردنی عێراق لە بەندی حەوتەمی (رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان)، هەروەها چاوەڕوانین کاریگەریی هەبێت لەسەر بەستنەوەی سیستەمی بانکیی عێراق بە سیستەمی بانکیی لە جیهان، کە سوودی دارایی دەبێت”.

لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوە 2 ملیۆن و 700 هەزار داواکاریی پێگەیشت بوو، لیژنەکە لە ساڵی 2005 بە سەرجەم داواکارییەکاندا چووەوە و بڕیاریدا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانمەندانەی داگیرکردنی کوێت، عێراق بڕی 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو بداتە 1 ملیۆن و 500 هەزار داواکار، کە زۆرینەی رەهایان هاووڵاتی کوێتن، ئەو بڕە پارەش لە داهاتە نەوتییەکانی عێراق درا، بۆیە ساڵانە 5٪ی داهاتەکانی نەوتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی کوێت دەچوو.

سەبارەت بە پەیوەندیی قەرەبووکردنەوەی کوێت بە هەرێمی کوردستان، دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پێشتر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو: “هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2005وە ساڵانە بە رێژەی 5٪ی بەشە بودجەی خۆی لە بودجەی فیدراڵیی عێراق بەشدار بوو لە قەرەبووکردنەوەی کوێت، بۆیە دوای نەمانی ئەو قەرەبووە دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی عێراق زیاد بێت”.

پەیوەندیدار