پشکی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٢ی عێراق چۆن دەبێت؟

راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پشکی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٢دا بۆ دانوستانە سیاسییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەجێدەھێڵدرێت. دەشڵێت، “پەسەندکردنی کۆتاییشی بۆ پەرلەمان بەجێدەھێڵدرێت”.

مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی عێراقی راگەیاند، بودجە پێش کۆتایی ساڵ بۆ پەرلەمان دەنرێدرێت تا گفتوگۆی لەبارەوە بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە لە بودجەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ دۆلار جێگیربکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٧٠ دۆلار لەبازاڕەکانی جیھاندا بفرۆشرێت، ئەوا لەگەڵ داھاتە نانەوتییەکاندا دۆخی ئابوری عێراق باشتر دەبێت.

لەبارەی موجەی فەرمانبەرانیشەوە، مەزھەر محەمەد ساڵح باسی لەوەشکرد، ھیچ مەترسییەک لەسەر موچەی فەرمانبەران نابێت لە بودجەی ٢٠٢٢دا.

ھەروەھا، لەبارەی پشکی ھەرێمیشەوە لە بودجەی ٢٠٢٢دا، مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، پشکی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٢دا بۆ دانوستانە سیاسییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەجێدەھێڵدرێت. دەشڵێت، “پەسەندکردنی کۆتاییشی بۆ پەرلەمان بەجێدەھێڵدرێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بودجەی دارایی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە ئامادەکردنی، بودجەیەکی چاکسازی دەبێت و لە بودجەی ساڵی رابردوو جیاوازترە.

ئاشکراشیکرد، بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٢ چاکسازییە ھەرچەندە سەقفی کورتھێنان تێیدا زۆر بەرزە، بۆیە زەحمەتە بە ئاسانی لەرووی سیاسییەوە تێبپەڕێنرێت و پەسند بکرێت.

عەلی عەلاوی روونیشیکردەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بودجەی ٢٠٢٢ بە ٥٠ دۆلار دیاریکراوە و ئەم ژمارەیەش ئەگەری دەستکاریکردنی ھەیە، چونکە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەرزترە سەروی ٦٠ دۆلاریشە.

پەیوەندیدار