کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس دواخرا

هەرچەندە بڕیاربو رۆژانی 17-21ی مانگی داهاتو کۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس لەسویسرا بەڕێوەبچێت کە کۆبونەوەیەکی فراوانی سیاسی، دیپلۆماتکار و بازرگانانی جیهانە، بەڵام رێکخەرانی کۆڕبەندەکە رایانگەیاند، بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنەوە کۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس بۆ هاوینی ساڵی داهاتو دوادەخرێت.


رێکخەرانی کۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس لەراگەیەنراوێکدا باس لەوەش دەکەن، بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لەم کاتەدا کۆبونەوەیەکی فراوانی سەرکردە، دیپلۆماتکار و بازرگانانی جیهان بەکارێکی ئەستەم دەزانن، بۆیە بڕیاردراوە کۆڕبەندەکە بۆ هاوینی ساڵی داهاتو دوابخرێت.

ئاماژەی بەوەش دەکەن، سەرەڕای دواخستنی کۆڕبەندەکە بەڵام چەندین دیدار و کۆنفرانس لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی جیهان بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدەن.

رێکخەرانی کۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس ئەوەشیان خستوەتەڕو، بەبەردەوامی پاراستنی تەندروستی بەشداربوان لەپێشینەی کارەکانی کۆڕبەندەکەیان بوە، لەئێستاشدا کە رێکارە خۆپارێزییەکان بەشێوەیەکی توند گیراونەتەبەر کۆڕبەندەکە دوادەخەن، بەڵام لە هەوڵەکانیان بۆ لێک نزیکردنەوەی سەرکردەکانی جیهان بەردەوام دەبن.

پەیوەندیدار