پۆلیسی كەركوك ئاشكرای كرد، ئەو كەسانەی لە ناوچەی شۆراو ژن و مێردێكیان سەربڕیبوو بۆ دزینی پارە و ئۆتۆمبێل خشڵەكانیان، دوو پیاو و ژنێكن و لە پارێزگای بەسرە دەستگیر كراون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، ئەو كەسانەی لە گەڕەكی شۆراوی شارەكە ژن و پیاوێكیان سەربڕی بوو لە پێناو دزینی پارە و زێڕ و خشڵ و ئۆتۆمبێلەكەیان دەستگیر كراون.
ئەوەش هاتووە، تۆمەتبارەكان دوو پیاو و ژنێك بوون و دوای كارەكەیان هەڵاتوون بۆ پارێزگای بەسرە، بەڵام لەوێ دەستگیر كراون.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو تەرمی ژن و مێردێك لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی شۆراوی شاری كەركوك بە سەربڕدراوی دۆزرانەوە و دوای رووداوەكەش لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ ئاشكرا كردنی وردەكاریەكانی رووداوەكە دەستی پێكرد.