سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەڕلەمانی كوردستان : بەدوری دەزانم 200 ملیارەكە ببڕدرێت

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، پێموانیە دوو سەد ملیارەكە بڕدرابێت، چونكە لە ڕووی یاساییەوە هی ئەوە نیە كە ببڕدرێت ڕەنگە لەڕووی سیاسیەوە بەربەستی بۆ دروست بێت.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەڕلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بەدوری دەزانم 200 ملیارەكە ببڕدرێت، چونكە لە ڕووی یاساییەوە ناكرێت، بەڵام ئەگەر گرفتی سیاسی دروست بوو ئەوە نازانم گرفت بۆ هاتنی 200 ملیارەكە دروست دەبێت یاخود نا.

دەشڵێت”ئەوەی گەرەنتیە بۆ هاتنی 200 ملیارەكە تەنها یاسای بودجەی ساڵی 2021ە، چونكە ئێستا پەڕلەمان هەڵبژێردراوە‌و كۆنەبووەتەوە، حكومەتی نوێی عێراق پێكنەهاتووە، بۆیە وای بۆ دەچم تا ماوەیەكی درێژ ڕەنگە هەر لەسەر بودجەی 2021 عێراق بڕوات”.

سەبارەت بە پێشبینییان بۆ ساڵی ئایندە ناوبراو ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان بەردەوام نەبێت لە چاكسازی بارودۆخی ئابووری هەرێم لە ساڵی ئایندە باش نابێت، بەدڵنیایی بارودۆخی ئابوری هەرێم باش نەبوو حكومەتی هەرێم یەكەم كار دەست دەبات بۆ مووچەی فەرمانبەران.

ناوبراو ڕوونیشیكردەوە، مەرج نیە هەركات 200 ملیارەككە ببڕدرێت، لێبڕینی مووچە دەستپێبكاتەوە، خۆی هەر بەچەند قۆناغێكدا تێپەڕیووە لە ڕابردوودا لێبڕین هەر نەبوو، بەڵكو بە دوو مانگ جارێك مووچە دراوە كە ئەوەش جۆرێكە لە لێبڕین، ئومێد دەكەم نەگاتەوە ئەوە و ناشگاتەوە ئەوە من ڕەشبین نیم گەشبینم.

سەبارەت بە چارەسەرێك بۆ دڵەڕاوكێی هاووڵاتیانی هەرێم، سەرۆكی لیژنەی دارایی وتی”وەك هەرێم دەبێت بەردەوام هەوڵی ڕێككەوتن بدەین لەگەڵ بەغدا، چونكە هەرێمێكین لە چوارچێوەی دەستور لەناو عێراقدا ناكرێت ئەو دابڕانە هەبێت چونكە ئەمە دوو لایەنەیە، دەبێت هەرێمی كوردستانیش هەندێك ئیلتیزام جێبەجێبكات و پشكی هەرێمیش لە دەستوردا پارێزراو بێت”

پەیوەندیدار