كۆمپانیای فایزەر حەبێكی هاوشێوەی ڤاكسین بەرهەم هێنا

بەرپرسانی تەندروستیی ئەمریکا رێگە بە بەکارهێنانی یەکەمین حەبی نەهێشتنی نیشانەکانی کۆرۆنا دەدەن، کە لەلایەن کۆمپانیای فایزەرەوە بەرهەمهێنراوە، بەمەش خەڵک دەتوانن لە ماڵەوە بەکاریبهێنن بۆ ئەوەی لە نیشانە قورسەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگاریان بێت.

رۆژی چوارشەممە 22-12-2021 دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان رایگەیاند ئەنجوومەنی رێنوێنی لە پەیمانگەی نیشتیمانی بۆ هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان لیستێکی لەپێشینەبوون ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی دیاریبکەن کێ بۆ وەرگرتنی حەبەکە گونجاوە و کێ لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستی پێیەتی، چونکە وەکو خۆی دەڵێت بڕی حەبەکان سنووردارە.

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی دەڵێت: “ئەمەش بە دڵنیایییەوە، بەو شێوەیە دەبێت کە پزیشک راچێتە بۆ نەخۆشێک بنووسێت ماوەی سێ رۆژ بێت نیشانەکانی کۆرۆنای لێدەرکەوتبن و مەترسی بخاتە سەر گروپێکی خەڵکی. بەڵام ئەو رێنماییانەش نەک تەنیا ئەوەت پێدەڵێن کە چۆن لەگەڵ پاکسلۆڤید بەکاردەهێنیت، بەڵکو پێشتدەڵێت کە ئایا گونجاوە چارەسەری دیکەی وەکو رێمدیسیڤیر بەکاربهێنیت یان نا، کە دەکرێت لە ماوەی سێ رۆژدا بدرێتە نەخۆش.”

ئەم بڕیارەی تەندروستیی ئەمریکاش لەدوای چاوەڕوانییەکی زۆر و لەکاتێکدا دێت کە ژمارەی تووشبوون و هێشتنەوەی خەڵکیی لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە. بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتە هۆشداریی لە “تسونامیەکی” تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەدەن، کە دەکرێت وابکات لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکادا شوێن بۆ نەخۆش نەمێنێت.

ئەم حەبە بە ناوی پاکسلۆڤید، بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی ئەمریکا، چارەسەرێکی خێرای نیشانە سەرەتاییەکانی کۆرۆنا دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە هەموو چارەسەرەکانی دیکەی کۆرۆنا پێویستدەکات لە رێگەی دەرزی یاخود کانیۆلاوە بۆ نەخۆش دابندرێن.

هاوکات، حەبێکی دیکەشی دژە ڤایرۆس، کە لەلایەن کۆمپانیای مێرکەوە دروستکراوە، چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی بەکارهێنان دەکات.

جێف زایێنتس، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ پەتای کۆرۆنا دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی پێشوەختە 10 ملیۆن پارچە حەبی کۆمپانیای فایزەر و 3 ملیۆن پارچە حەبی کۆمپانیای مێرکی کڕیوە و لە مانگی کانوونی دووەمدا 265 هەزار پارچە بەردەستدەبن.

بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکاش حەبەکە لایەنی خراپی “زۆر کەمە” و دەکرێت لە 90٪ـی رێژەی هێشتنەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە کەمبکاتەوە.

دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا حەبەکەی فایزەری بۆ کەسانی پێگەیشتوو و منداڵانی 12 ساڵ و گەورەتر کە تووشی کۆرۆنا بوونە و نیشانەی سەرەتاییان لێدەرکەوتووە پەسندکرد. ئەوەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تووشی نەخۆشی قەڵەوی یان نەخۆشی دڵ بوون، بەڵام ئەم حەبە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی گورچیلە یان جگەریان هەیە، وا پێشنیاز دەکرێت بەکارنەهێندرێت. هاوکات ئەو منداڵانەی تەمەنیان بۆ وەرگرتنی حەبەکە گونجاوە، پێویستە لانیکەم کێشی لەشیان 40 کیلۆگرام بێت.

چاوەڕوان دەکرێت هەردوو حەبی فایزەر و مێرک کاریگەرییان لەسەر بەزاندنی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن هەبێت.

پەیوەندیدار