بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان، نەچنە ئەو ناوچانەی بەفری لێ باریوە، چونكە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و بەستن روودەدات.
بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە پێشبینی هاتنی بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەری بۆ ناو خاكی هەرێم دەكرێت كە دەبێتە هۆی دابەزینێكی بەرچاوی پلەكانی گەرما لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم بە شێوەیەك كە پلەی گەرمی لە شەودا لەژێر سفری سیلیزی دەبێت.
ئەوەش هاتووە، لە ناوچە شاخاویەكان بە شەو و بە رۆژ لە ژێر سفرەوە دەبێت، بەڵام لە ناوچەكانی دیكە بە رۆژ نزیك دەبێتەوە لە سفر جگە لە ناوچەكانی گەرمیان كە پلەكانی گەرمی كەمێك بەرزتر دەبێت لەوەی كە ئاماژەی پێكراوە.
كەشناسی هەرێم جەختی لەوەش كردووەتەوە، باشتروایە بۆ هاوڵاتیان نەچنە ئەو شوێنانەی كە بەفری لێ باریوە چونكە بەستن روودەدات و شەختە دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ خلیسكان و كەوتن، هەروەها تەمومژ دروست دەبێت و مەودای بینین كەم دەبێتەوە، ئەم نزمبونەوەیەش سێ رۆژ دەخایەنێت.