هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە کوژرانی ٢٤٣ چەکداری حوسییەکانی لە یەمەن راگەیاند.
هاوپەیمانی عەرەبی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٤٢ ئۆپراسیۆنی سەربازیی دژ بە حوسییەکان لە پارێزگای مەئریب لە ناوەڕاستی یەمەن ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا ٢٤٣ چەکداری حوسییەکان کوژراون، هاوکات، ٢٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەو گروپەش تێکشکێندراون.
تا ئێستا حوسییەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو راگەیەنراوەی هاوپەیمانی عەرەبی نەداوە.
لە مانگی شوباتەوە حوسییەکان هێرشەکانیان لە مەئریب چڕکردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کە بە گرنگترین پێگەی یەمەن دادەنرێت کە بارەگای سەرەکی حکومەت و وەزارەتی بەرگریی تیادایە، هاوکات، دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و گاز و وێستگەی گازیی مەئریبیش دەکەوێتە ئەم پارێزگایە کە بەر لە جەنگی یەمەن کارەبای بۆ زۆربەی پارێزگاکانی وڵاتەکە دابین دەکرد.
ماوەی حەوت ساڵە شەڕ لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن کە لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە پشتیوانی دەکرێت لەگەڵ حوسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت بەردەوامە.