بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ و هاوسەنگەر و پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی دیاری کوردستان یادی شەهیدانی فەرماندە سەید سەلیم و شینەی بۆلی بەرز راگیرا.
پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٥/١٢/٢٠٢١ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی لایەنەکانی کوردستان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهیدان و دۆست و کەسێتی دڵسۆز ، پێشانگایەکی فۆتۆگرافەری و دیکۆمێنتاری نووسین بۆ یادی شەهیدانی فەرماندە سەید سەلیم و شینەی بۆلی لە هۆڵی بۆنەکانی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەرێوە چوو.
لەو پێشانگایە کە بەرێزان جێگری سکرتێرو بەرپرسی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشان ئامادەی بوون، لەلایەن نووسەر و تێکۆشەرێکی دێرینی زەحمەتکێشان و قۆناغی شاخ و هاوەڵی شەهیدان رێباز موستەفا بە وتنەوەی چەند دێرێك لە رێزلێنان کرایەوە.
جێگای باسە ٤٢ ساڵ لەمەوبەر واتا لەساڵی ١٩٧٩ لەداستانێکی کەموێنەدا ،دوای رووبەرووبوونەوەی هێزەکانی ئەوسای حکومەتی عێراقی و شکستپێهێنانی دوژمنان دواجار داستانەکە بەشەهیدبوونی هەردووفەرماندە سەید سەلیم و شینەی بۆڵی سەرکەوتنی هێنا.