ئەمڕۆ دوشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ پێداچونەوە بە سکاڵای لایەنەکان کۆدەبێتەوە کە لەسێ کۆبونەوەی رابردویدا بەمەبەستی راوێژ بەکەسانی شارەزا یەکلاییکردنەوەیانی دواخستبو، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دادگای فیدڕاڵی لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیدا سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10-10-2021 پەسەند بکات.
راگەیاندنی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە دانیشتنێکی دیکەی دادگا لەسەر سکاڵای لایەنەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح پێشکەش کراون.
30ی مانگی رابردو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی راگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامەکانیش هاوپەیمانی سەدر (73) کورسی، هاوپەیمانی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی (37 کورسی)، دەوڵەتی یاسا (33 کورسی)، پارتی (31 کورسی) و هاوپەیمانی کوردستانی (یەکێتی)ـیش بە بەدەستهێنانی (19) کورسی پلەکانی یەکەم تا پێنجەمی هەڵبژاردنەکەیان بەدەستهێناوە.
دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەگوێرەی دەستور فەرمانێکی کۆماری دەردەکات و داوا لە هەر 329 کاندیدە دەرچوەکەی پەرلەمان دەکات لەماوەی 15 رۆژی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، یەکەمین کۆبونەوە بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار ئەنجام بدەن.